ئیسرائیل: لە تواناماندایە بگەینە هەموو شوێنێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لەکاتی سەردانی بۆ فەوجی فڕۆکە جەنگییەکانی F35 - فۆتۆ: AA
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لەکاتی سەردانی بۆ فەوجی فڕۆکە جەنگییەکانی F35 - فۆتۆ: AA

K24 - هەولێر

سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، لە توانایاندایە بگەنە هەموو شوێنێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هێرزی هالێڤی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، ئامادەن دژ بە هەڕەشەکان لە دەرەوەی کەرتی غەززە "ناوچەکانی دیکە" و بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە توانایاندایە بگەنە هەموو شوێنێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەگوێرەی راگەیەندراوی سوپای ئیسرائیل، هالێڤی سەردانی 140يەمین بارەگای فەوجی فڕۆکە جەنگییەکانی F-35 بە ناوی "Adir" کردووە لە بنکەی نیڤاتیم لە باشووری ئیسرائیل.

سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل باسی لەوەشکردووە، کە سوپای ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا هێرشەکانیان بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە، راشیگەیاند، لەو ماوەیەدا حەماس گورزی کوشندەی بەرکەوتووە.

لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، شەڕ لەنێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دەستیپێکردووە، لە سەرەتادا بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، دواتر سوپای ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی دەستپێکرد، دوای چەند رۆژێک ئیسرائیل هێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپیکرد کە تائێستا بەردەوامە.