ناتانیاهۆ: هیچ ئاگربەستێک لە غەززە ناکرێت

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل بەرپرسیارێتی ئەمنیی و گشتی کەرتی غەززە، لە ئەستۆ دەگرێت تا ماوەیەکی نادیار، دەشڵێت: هەموو ئاگربەستێکی پێشوەختە رەتدەکەینەوە، تا بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆن رایگەیاند، ئیسرائیل بەرپرسیارێتی گشتی ئەمنی غەززە لە ئەستۆ دەگرێت بۆ ماوەیەکی نادیار.

لە وەڵامی ئەوەی کە ئەوان دەیانەوێت دوای شەڕی غەززە کێ کەرتی غەززە بەڕێوەببات؟ ناتانیاهۆ گوتی: "ئەوانەی نایانەوێت وەک حەماس بن".

ناتانیاهۆ جەختی کردەوە کە هیچ ئاگربەستێک لە کەرتی غەززە ناکرێت، تا ئەوکاتەی حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات، کە لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە هێرشی کتوپڕ بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد.

لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس هەڵگیرسا، لە سەرەتادا باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، لە وەڵامدا سوپای ئیسرائیل بە چڕی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد، پاشان هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد.

ئا: لاڤین عومەر