ئەمەریکا و چین گفتوگۆیان لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی کرد

K24 - هەولێر

ئەمەریکا و چین گفتوگۆیان لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی ئەنجامدا، ئەمەش هەنگاوێکی نوێیە کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی بێمتمانەیی نێوان هەردوو وڵات بوو، پێش ئەوەی هەفتەی داهاتوو هەردوو سەرۆکی ئەمەریکا و چین کۆببنەوە.

لە دوای سەردەمی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا،  ئەم دانوستانە یەکەمین کۆبوونەوەی تایبەتە بە چەکی ئەتۆمی لە نێوان هەردوو وڵاتی زلهێز، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا نیگەرانە لە پەرەسەندنی جبەخانەی ئەتۆمی چین.

گفتوگۆکان لە نێوان مالۆری ستیوارت یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و پشتڕاستکردنەوە و پابەندبوون و سون شیاوبۆ، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی کۆنترۆڵکردنی چەک لە وەزارەتی دەرەوەی چین بەڕێوەچوو.

ڤێدانت پاتێل، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: ئێمە بەردەوام داوامان لە چین کردووە کە بە شێوەیەکی جەوهەری بەشداری لە پرسەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک و کەمکردنەوەی مەترسییە ستراتیژییەکان بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم بەشداریکردنە بەردەوامی هەوڵەکانە بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکان، بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و دڵنیابوون لەوەی کە کێبڕکێ ناگۆڕێت بۆ ململانێ".