د. دلاوەر عەلائەددین: عێراق پەلکێشی شەڕێک دەکرێت لە بەرژەوەندیی خۆیدا نییە

د. دلاوەر عەلائەددین، سەرۆکی ئینستیووتی میری و دلۆڤان عیمادەدین، پەیامنێری کوردستان24 لە لەندەن
د. دلاوەر عەلائەددین، سەرۆکی ئینستیووتی میری و دلۆڤان عیمادەدین، پەیامنێری کوردستان24 لە لەندەن

K24 - هەولێر

سەرۆکی میری جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نێو عێراق بۆ سەر ئەمەریکا بەردەوام بن، عێراق پەلکێشی شەڕێک دەکرێت لە بەرژەوەندیدا نییە. دەشڵێت، "ئەو هێرشانەی تاوەکو ئێستا کراونەتە سەر بنکەکانی ئەمەریکا، هێندە کاریگەر نەبوونە، واشنتن وەڵامیان بداتەوە".

شەڕی حەماس-ئیسرائیل و راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە

مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش بریندارن. ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە چوار هەفتەیە  پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 9 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 10 هەزاری دیکەش بریندارن.

د. دلاوەر عەلائەددین، سەرۆکی ئینستیووتی میری لە لەندەنەوە لەبارەی هەوڵەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی عەرەبی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، بە دلۆڤان عیمادەدین، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، "هەوڵەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا و سەردانەکانی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەوە نین ئاگربەستێکی سەرتاسەری و یەکجارەکی لە غەززە رابگەیەندرێت و کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ چارەسەربکرێن".

بە گوتەی سەرۆکی ئینستیووتی میری، "ئەوەی ئەمەریکا داوای دەکات و لەوانەیە ئیسرائیلیش بهێنێتە سەرهێڵ، ئاگربەستێکی کاتییە کە رێگە بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هاووڵاتییانی غەززە بدات" و دەڵێت، "ئەوەی فەڵەستینی و وڵاتە عەرەبییەکان داوای دەکەن ئاگربەستێکی سەرتاسەری و یەکجارەکییە بۆ ئەوەی شەڕەکە لە بنەڕەتدا بوەستێندرێت".

وەکو ئەوەی د. دلاوەر باسی دەکات، حەماس لەکاتی ئێستادا دەیەوێت ئاگربەستێک رابگەیەندرێت، کاتی بێت یان یەکجارەکی، بەڵام بەرامبەرەکەی کە ئیسرائیلە "بەنیاز نییە شەڕەکە رابگرێت، چونکە تا ئێستا زیاتر لە 200 هاووڵاتیی ئەو وڵاتە وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە دەستگیرکراون و هەردوو دیوی غەززە لەڕووی سەربازی و حوکمرانییەوە بەدەست حەماسەوەیە؛ ئیسرائیلیش بەمە رازی نابێت".

پەلکێشکردنی عێراق بۆ نێو شەڕێکی نوێ

لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، گرووپێکی چەکداری عێراقی نوێ بەناوی 'مقاوەمەی ئیسلامى لە عێراق' بەرپرسیارێتى خۆى لە زیاتر لە 25 ھێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا راگەیاندووە. بێجگە لەم گرووپە چەکدارەیە، میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی عێراق چەندین جار هەڕەشەیان لە ئەمەریکا و ئیسرائیل کردووە، ئەگەر هێرشەکانیان بۆ سەر غەززە نەوەستێنن، لە هەموو شوێنێک بە ئامانجیان دەگرن.  

سەرۆکی ئینستیووتی میری پێیوایە "ئەگەر هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نێو عێراق بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام بن، بە مانای تێوەگلانی عێراقە بە کارێک کە بە بڕیاری حکومەتی عێراقی نەبووە. ئەگەر هێزەکانی ناحکومی و دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق، هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، بە جۆرێک لە بڕیار، جووڵە و چالاکی هەژماردەکرێت وەکو ئەوەی بەشداری لە شەڕەکەدا بکەن".

د. دلاوەر جەخت لەوە دەکاتەوە ئەگەر هێزێک لەنێو عێراقدا مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل بکات، دەرئەنجامی باشی نابێت و لە بەرژەوەندیی عێراقدا نابێت. دەشڵێت: "گرنگ نییە ئەو هێز و لایەنەی هانی ئەو گرووپانە دەدات ئیسرائیل بکەنە ئامانج کێنە، چونکە لە ئەنجامدا عێراق دەبێتە لایەنێکی شەڕەکە (تەرەف) و، ئەو کات کێشەی ناوخۆیی دروست دەبێت. ئەوانەی دەوڵەت و نادەوڵەتن دەکەونە بەرامبەر یەکدی، چونکە دەوڵەت لە بەرژەوەندیی خۆی نازانێت لە شەڕەکە تێوەبگلێت، هەوڵدەدات سنووریان بۆ دابنێت و رەنگە نەشتوانێت".

سەرۆکی ئینستیووتی میری ئاماژە بەوەش دەدات، "حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی و گرووپە چەکدارەکانی مقاومە لە چەندین شوێنی دیکەی جیهان، ئاماژەیان بەوە کردووە، لەوانەیە حوسییەکانی یەمەن لە بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل بەردەوام بن و، رەنگە گرووپە چەکدارەکانی نێو عێراقیش لە دژی ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمەریکا چالاک بن، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، عێراق وردە وردە پەلکێشی شەڕێک دەکرێت کە لە بەرژەوەندی خۆیدا نییە. بەشداریکردن لە شەڕەکە بڕیارێکی عەرەبی، عێراقی یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نییە، تەنانەت بڕیارێکی ئێرانیش نییە، واتا ئێران، عێراق، حزبوڵڵا و وڵاتانی دەوروبەر بڕیاریان نەداوە بەشداریی شەڕەکە بکەن".

45 سەرباز و کارمەندی ئەمەریکی لە ئەنجامی هێرشەکاندا برینداربوون

رۆژی دووشەممە، 06-11-2023، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە 17ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، 38 جار لە عێراق و سووریا هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان؛ بەشێوەیەک لە عێراق 20 جار و لە سووریاش 18 جار. گوتیشی، "بەهۆی هێرشەکانەوە لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندمان بریندار بوون".

وەکو ئەوەی سەرۆکی ئینستیووتی میری باسی دەکات، "تاوەکو ئێستا ئەو هێرشە مووشەکییانەی کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، کەمبوونە و بەو ڕادەیە کاریگەر نەبوونە ئەمەریکا نیگەران بکات یان بگاتە ئاستی هەڵوێستی کاردانەوە. واشنتن دەزانێت حکومەتی عێراق بە هەموو تواناییەکەوە هەوڵدەدات ئەو هێرشانە رابگیرێن".

 لەبارەی هەڵوێستی لایەنە شیعییەکانی عێراق لە بە ئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمەریکا، د. دلاوەر ئاماژە بەوە دەدات: "هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە پێکهێنەری حکومەتی ئێستای عێراقە، لەگەڵ ئەوەدا نییە هێرش بکرێتە سەر بنکەکانی ئەمەریکا یان نێردە دیپلۆماسییەکان و ئێرانیش لەگەڵ ئەوە نییە شەڕەکە بووروژێندرێت. ئەوەی تاوەکو ئێستا کراوە، جۆرێکە لە فشار و شەڕ پێ فرۆشتن و، نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئەمەریکییەکان وەڵامیان هەبێت".