پۆلیسی ئەمەریکا لێکۆڵینەوە لە مردنی جولەکەیەک دەکات
K24 – هەولێر
پۆلیسی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمەریکا رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە مردنی جولەکەیەک دەکەن، کە لە ئەنجامی شەڕ و ئاژاوە لە کاتی "خۆپیشاندانی لایەنگرانی ئیسرائیل و فەڵەستین"دا گیانی لەدەستداوە.
بە گوێرەی کەناڵی "ئێن بی سی نیوز" پۆلیسی ڤێنتورا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە مردنی پیاوێکی جولەکە دەکەن، کە لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەرانی ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان بریندار بووە.
نووسینگەی ئاسایشی ڤێنتورا ئاماژەی بەوەکرد، "شایەتحاڵەکان گوتوویانە کە پۆڵ کیسلەر، تەمەن 69 ساڵ، لەگەڵ خۆپیشاندەرانی لایەنی بەرامبەردا شەڕی کردووە".
دەشڵیت: "لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکەدا، کیسلەر بەربووەتەوە و سەری بە زەوی کەوتووە". هەروەها رۆژی دووشەممە، پیاوە تەمەن 69 ساڵەکە بەهۆی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
بەهۆی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە دەستیپێکردووە، لە زۆربەی ولاتان لایەنگرانی هەردوولا خۆپیشاندان دەکەن، کە زۆر جار دەبێتە شەڕ و ئاژاوە لە نێوان خۆپیشاندەرانی هەردوولا.