کۆمیسیۆنی عێراق: لە کەرکووک دەیان پێشێلکاری لە بانگەشەی هەڵبژاردن تۆمارکراون
K24 - هەولێر
گوتەبێژی لقی کەرکووکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا دەیان پێشێلکاری لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەركووک تۆمارکراون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 07-11-2023، عەلی عەباس، گوتەبێژی لقی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە رۆژی یەکەمی دەستپێکردنی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجـوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەیان پێشێلکاری لەلایەن لیژنەکانمانەوە دەستنیشانکراون".
عەلی عەباس ئاماژەی بەوەش کرد، "حزب و کاندیدان ئاگادارکراونەتە کە دەبێت لە ماوەی سێ رۆژدا ئەو پێشێلکارییانەی لە بانگەشەی هەڵبژاردن کراون، نەهێڵن، ئەگەر نا لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ دەگیرێتەبەر".
گوتیشی، "پۆستەری هەر کاندیدێک بشێوێندرێت، کاندیدەکە دەتوانێت لەلایەن کۆمیسیۆنەوە سکاڵا تۆماربکات".
ئەمە لە کاتێکدایە لە سەرەتای دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تاوەکو ئێستا، دەیان پۆستەری کاندیدانی پارتی لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی کەرکووک شێوێندراون.
د. محەممەد خورشید، کاندیدی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ی گوت: "زۆربەی پۆستەرەکانمان شێوێندراون و دڕێندراون، دەستی هەر کەس و لایەنێکی لە پشت بێت ئەمە ئیفلاسی سیاسییە و راگەیاندنی دۆڕانی خۆیان دەکەن، بۆیە داوا لە دەنگدەر و لایەنگرانی پارتی دەکەین ئەم کردەوانە ساردتان نەکاتەوە لە بانگەشە کردن بۆ کاندیدەکانتان".
رۆژی هەینی، 03-11-2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سزای پێشێلکردنی سیستەمەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە پێبژاردنێکی 500 هەزار دینارییەوە دەست پێدەکات. ئەوەشی خستەڕوو، پێشێلکارییەکانی دیکە سزاکەی دەگاتە زیندانیکردن یاخود پێبژاردن بە بڕی 50 ملیۆن دینار و، دوورخستنەوەی کاندید لە هەڵبژاردندەکە.
جومانە غەلای ئاماژەی بەوەش کرد، لە بارەی حاڵەتەکانی پێشێلکاری لە بانگەشەکانی هەڵبژاردن چەند سکاڵایەکییان پێگەیشتووە، ئەوانیش بۆ لایەنی دادوەری بەرز دەکەنەوە، چونکە کۆمسیۆن دەسەڵاتی لێپرسینەوەی هاوڵاتییانی نییە.
رۆژی چوارشەممە، 01-11-2023، بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک و 14 پارێزگای عێراق دەستیپێکرد. لە کەرکووک 10 هاوپەیمانێتی و پێنج پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکەن، بە گشتی 234 کاندید لە هەڵبژاردنەکە بەشدارن.
ماوەی 45 رۆژ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، 48 کاتژمێر پێش پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بانگەشە رادەگیرێت.