محه‌ممه‌د ئیحسان: سیسته‌مێكی فیدڕاڵی له عێراق هه‌یه به‌ڵام عه‌قڵیه‌تێكی فیدڕاڵی نییه
K24 – هەولێر:
بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ له چاتام هاوس كۆنفرانسێك سه‌باره‌ت به عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ئایینده‌ی هه‌ردوولا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان و ئه‌گه‌ره‌كانی تێوه‌گلانی عێراق له جه‌نگی غه‌ززه به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌وباره‌یه‌وه محه‌ممه‌د ئیحسان ئاماژه به‌وه ده‌كات، هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵی پێویستیان به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان هه‌یه.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 7ـی تشرینی 2023) محه‌ممه‌د ئیحسان، مامۆستا و وانه‌بێژی زانكۆ تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، پانێڵێكی گرنگیان له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پێشكه‌ش كرد و تێیدا باسیان له هۆكار و ئاسته‌نگه‌كان دروستبوون و چاره‌سه‌رنه‌كردنی ئه‌و كێشانه كردووه، به‌تایبه‌ت كه به درێژایی مێژووی نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وامیان هه‌یه به‌هۆیانه‌وه هاووڵاتیی ئاسایی زیانی به‌ركه‌وتووه.
محه‌ممه‌د ئیحسان هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له عێراق سیسته‌مێكی فیدڕاڵی هه‌یه، به‌ڵام عه‌قڵیه‌تێكی فیدڕاڵی نییه، كه ئه‌مه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كی دروستبوون و دووباره‌بوونه‌وه‌ی كێشه به‌رده‌وامه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه.
باسی له‌وه‌ش كرد، به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیان له پانێڵكه تایبه‌ت بوو به جه‌نگی غه‌ززه و ئه‌گه‌ره‌كانی تێوه‌گلانی عێراق له‌و جه‌نگه، كه ره‌نگه كه‌سانێك له ئێستاوه ئاماده‌كاری بۆ ئه‌و ئه‌گه‌ره بكه‌ن. روونیشیكرده‌وه، كه له پانێڵه‌كه‌دا كه‌سایه‌تییه دیار و رۆشنبیره‌كانی شیعه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بوون عێراق بكه‌وێته ناو جه‌نگی غه‌ززه.
محه‌ممه‌د ئیحسان هاوكات تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی، هه‌ولێر و به‌غدا پێویستیان به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیانه، كه به‌هۆیانه‌وه هاووڵاتی ئاسایی و ساده قوربانی ده‌دات، به‌شێوه‌یه‌ك پرسه گه‌وره‌كانی كورد ئێستا بۆ مووچه كورت كراوه‌ته‌وه.
جه‌ختیشیكرده‌وه هه‌رێمی كوردستان سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی له پراكتیزه‌كردنی سیسته‌می حوكمڕانی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام رق و كینه و ئیره‌یی پێ‌بردن و هه‌ڵوێستی لاوازی هه‌ندێك لایه‌نی ناوخۆی كوردی، له كۆتاییدا زیانی به ده‌ستكه‌وته گه‌وره‌كانی هه‌رێمی كوردستان گه‌یاند.