هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ژمارە

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

K24 – هەولێر:

دوای 18 ساڵ، لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک بەڕێوەدەچێت، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2005 و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتبەرەوە، دەبێتە یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە شارەکە.

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 کورسی پێکهاتووە، 248 کاندید لە 10 هاوپەیمانییەتی، پێنج لیستی پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ، کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییانە دەکەن.

لەم هەڵبژاردنەدا، تەنیا ئەو دەنگدەرانی کارتی بایۆمەترییان هەیە یاخود ناوی خۆیان تۆمارکردووە ناویان لە تۆماری دەنگدەران هەیە، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران لە پارێزگای کەرکووک بریتییە لە 870 هەزار و 920 دەنگدەر. لەو ژمارەیەدا، 813 هەزار و 590 دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و 57 هەزار و 330 دەنگدەر لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن.

هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش 11 هەزار و 56 فەرمانبەر سەرپەرشتی پرۆسەی دەنگدان دەکەن لە 344 بنکەی دەنگدان کە لە دوو هەزار و 33 وێستگەی دەنگدان پێکهاتووە، بەشێوەیەک؛ بۆ دەنگدانی گشتی 318 بنکەی دەنگدان و هەزار و  898 وێستگەی دەنگدان ئامادەکراوە. بۆ دەنگدانی تایبەتیش 26 بنکەی دەنگدان و 135 وێستگەی دەنگدان پرۆسەکەیان تێدا بەڕێوەدەچێت

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە چوار قەزا و 12 ناحییەی ئەو پارێزگایە ئەنجام دەدرێت، کورد پێداگیری کردووە سەرژمێری ساڵی 1957 بکرێتە بنەما بۆ تۆماری دەنگدان.

هەرچەندە لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک، بە پێنج لیستی جیاواز چوونەتە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە لەگەڵ ئەوەشدا کورد جارێکی دیکە دەیەوێت زۆرینەی خۆی لە کەرکووک دووپاتبکاتەوە و پۆستی پارێزگاری کەرکووک و ئیدارەدانی شارەکە وەربگرێتەوە.

هاوکات لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە چەند لیستێکی جیاواز بەشدارییان کردووە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناو و لۆگۆی خۆی بە لیستی ژمارە 197 بەشداری کردووە و 30 کاندیدی هەیە، هەروەها یەکێتی لەگەڵ حزبی شیوعی کوردستان هاوپەیمانیەتی " کەرکووک هێز و ئیراده‌مانه‌"ـی پێکهێناوە و ژمارەکەی 142ـە و لیستەکەیان لە 30 کاندیدی هەردوو حزبەکە پێکهاتووە.

هەروەها یەکگرتوو و کۆمەڵ لە پارێزگای کەرکووک بە هاوپەیمانییەتی "مەشخەڵی کەرکووک" بە ژمارە 163 بەشدارییان کردووە ق چوار کاندیدیان هەیە. حزبی سۆشیال دیموکراتی کوردستان بە ژمارە 202 و نەوەی نوێش بە ژمارە 167، لیستیان هەیە و بەجیا بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکە کردووە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی 2005ـدا، لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکووک بە لیستی برایەتی كەركووك، بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد و 26 کورسی لە کۆی 41 کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستهێنا وەک لیستی یەکەم لە کەرکووک.

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورسی و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.

بۆ خوێندنەوەی "کەرکووکییەکان بە هەڵبژاردن کۆتایی بە کاریگەرییەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر دەهێنن؟" ئێرە کلیک بکە.