بایدن داوا لە ناتانیاهۆ دەکات شەڕ راگرێت

K24 - هەولێر

سەرۆکی ئەمەریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، داوای لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد، بۆ ماوەیەکی کاتی شەڕ راگرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆشکی سپی رۆژی 7/11/2023، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە، بۆ ماوەیەکی کاتی شەڕ راگرێت، بە مەبەستی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان و ئەگەری ئازاکردنی بارمتەکان.

روونکراوەتەوە، بایدن داوای لە ناتانیاهۆ کردووە، بۆ ماوەی سێ رۆژ ئاگربەست رابگەیەنێت، وەک یارمەتیدەرێک بۆ ئازادکردنی 10 بۆ 15 بارمتە لەلایەن حەماسەوە.

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، ناتانیاهۆ جەختیکردووەتەوە، بەهیچ شێوەیەک رێگا نادات سووتەمەنی بۆ کەرتی غەززە بچێت و ئاگربەست راناگەیەنێت تا بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە ئازاد نەکرێن.

لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس هەڵگیرسا، لە سەرەتادا باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، لە وەڵامدا سوپای ئیسرائیل بە چڕی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد، پاشان هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد، بەپێی دوایین ئامار ژمارەی کوژراوان لە غەززە 10 هەزاری تێپەڕاندووە و به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ته‌ندروستی غه‌ززه‌ 70%ـی قوربانییان لە ژنان، منداڵان و بەساڵاچووانن.

ئا: لاڤین عومەر

Fly Erbil Advertisment