جومانە غەلای: پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان یەک بازنەیی دەبێت

جومانە غەلای
جومانە غەلای

K24 -هەولێر

گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەیەک بازنەیی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات، هەروەها نزیکەی چوار ملیۆن کەسیش مافی دەنگدانییان هەیە.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکیدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان پێشوازی لە شاندی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە 25ـی شوباتی ساڵی 2024 بەڕێوەبچێت.

گوتیشی: کۆمسیۆن قۆناغەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی روونکردەوە، کە بۆ ئەمساڵ لە دایکبووانی 2006، دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، جیاکردنەوەی دەنگەکان و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، هەروەها کەمپینی هەڵبژاردن و سیستەمی چاودێرە نێودەوڵەتییەکان، بەپێی ستاندارە نێودەوڵەتییەکان دەبێت.

دەشڵیت: بەپیی یاسا کۆنەکە یەک بازنەیی بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، هەروەها پێنج کورسی بۆ تورکمان و پێنج کورسییش بۆ سریانی و ئاشوور و کلدانی و یەک کورسییش بۆ ئەرمەنەکان دانراوە، واتە پێکهاتەکان لەسەر 11 کورسی پەرلەمان ململانێ دەکەن.

باسی لەوەشکرد: رێژەی دەنگدەران بەشێوەیەکی گشتی نزیکەی چوار ملیۆن کەسە کە مافی دەنگدانییان هەیە، بەڵام نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە بایۆمەتری تۆمارکراون، تائێستاش تۆمارکردن بەردەوامە، ئەوانەی کارتەکانیان تۆمارکراوە و نوێیان کردووەتەوە، بەمزووانە بەسەریان دابەش دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment