لە چەمچەماڵ فیلمی تەماح بە مۆبایل بەرهەم هێنرا
K24 - هەولیر
کورتە فیلمی "تەماح" لە دەرهێنانی عەلی سیزار و سیناریۆی سەروەر مەدحەت و نواندنی جێگر یوسف و هەڵات بەهجەتە و لە چەمچەماڵ بە مۆبایل وێنەی گیرا و ئێستاش ئامادەی نمایشه لە سینەماکانی کوردستاندا.
ئەم کورتە فیلمە، ناوەڕۆکەکەی باس لە چیرۆکێکی راستەقینە و چەند رووداو و تاوانێک دەکات، کە بەهۆی تەماحکارییەوە لە نێو کۆمەڵێک گەنج روودەدات و هەڵدەکەوتنە سەر سەرمایەداران و رفاندنی خەڵک و بردنی سامانی خەڵک.
عەلی سیزار دەرهێنەری فیلمەکە بۆ کوردستان24 دەڵێت: وێڕای هەوڵێکی زۆر بۆ هاوکاریکردن لە بەرهەم هێنانی فیلمەکە، بەڵام هیچ لایەنێک ئامادەیی نیشان نەدا، بۆ سەپۆرتی ئەو بەرهەمە هونەرییە، ئێمەش سووربووین لەسەر پڕۆژە هونەرییەکە و بڕیارماندا بە مۆبایلێکی زیرەک فیلمەکە وێنە بگرین و مۆنتاژ بکەین، ئێستاش ئامادەی نمایشە لە سینەماکانی کوردستان و دەمانەوێت وەک بەرهەمێکی نوێ لە فێستیڤاڵە نێوخۆییەکاندا نمایشی بکەین و پێشبڕکێی بردنەوەی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ بکات بەرامبەر ئەو فیلمانەی کە لە رووی مادییەوە بودجەیەکی زۆری بۆ تەرخان کراوە.