شانۆگەری خەڵات لە فێستیڤاڵی کۆشکی زستانەی هۆڵەندا نمایشکرا

شانۆگەری خەڵات لە فێستیڤاڵی کۆشکی زستانەی هۆڵەندا نمایشکرا
شانۆگەری خەڵات لە فێستیڤاڵی کۆشکی زستانەی هۆڵەندا نمایشکرا

K24 - هەولێر

شانۆگەری (خەڵات) لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەندی کورد باکۆ سۆرانیە، بۆ یەکەم جار بەشداری لە فێستیڤاڵی کۆشکی زستانەی هۆڵەندا کرد.

فێستیڤاڵەکە ساڵانە لە مۆزەخانەی کۆشکی (لۆ)ـی شاهانەی پڕتەقاڵیەکان بەڕێوە دەچێت و هەموو ساڵێکیش جێنیشینی خانەوادەی شاهانە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ئەم فێستیڤاڵە بێ سنوورە دەکەن، کە تایبەتە بەو بەرهەمە ڕۆمانسی و میوزیکاڵیانەی لە وڵاتی هۆڵەندا بەرهەم هێنراون.

(باکۆ سۆرانی)ـیش وەک تاکە دەرهێنەری کورد بە شانۆگەری (خەڵات) بەشداری لە فێستیڤاڵەکە کرد و بە میوزیک و جوڵە شانۆییەکان سەرنجی بەشداربووانی فێستیڤاڵ و خانەوادەی شاهانەی کۆشکی بە لای خۆی دا ڕاکێشا و ئەزموونێکی نوێ لە بواری شانۆدا تاقیکردەوە.

سەبارەت بەو بەرهەمەش بە کوردستان24ـی راگەیاند: شانۆگەرییەکەم شانۆنامەیەکی میوزیکاڵی و تەنز ئامێزە و باس لە چەند گرفتێکی کۆمەڵایەتیی دەکات، کە تا ئێستاش لە نێو کۆمەڵگەدا هەیە و بەم شانۆیە ڕێگەی دەربازبوون لە گرفتەکان دەخەینە ڕوو، لە کاتی نمایشی ئەم شانۆگەرییەشدا چەپکە گوڵی خۆشەویستی ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکەمان پێشکەش کرا.