شارەزایەکی کاروباری نەتەوەیەکگرتووەکان: بۆردومانەکانی سەر غەززە دەگاتە ئاستی تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی
K24 – هەولێر:
شارەزایەکی کاروباری نەتەوەیەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە، کە بۆردومانی هەرەمی و سیستماتیکی خانووبەرە و ژێرخانی مەدەنی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە دەگاتە ئاستی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.
رۆژی چوارشەممە (8ـی تشرینی دووەمی 2023) راپۆرتدەری تایبەتی به دابینكردنی نیشتهجێبوونی شیاو، بالاکریشنان راجاگۆپال، بۆچوونی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل مانگێک لەمەوبەر بۆسەر ئامانجەکانی لە کەرتی غەززە بووەتە هۆی وێرانبوون و زیانگەیاندن بە 45%ی سەرجەم یەکەکانی نیشتەجێبوون لە کەرتی غەززە، هۆشداریشیدا لەوەی کە وێرانکردنەکە بە کارەساتێکی گەورە لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی هەژمار دەکرێت.
ئەو شارەزایەی کاروباری نەتەوەیەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە، کە بۆردومانی سیستماتیکی یان هەرەمی بۆسەر خانووبەرە و خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی ئابووری بەتوندی قەدەغە کراوە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
هەروەها ئەو پێی وابوو، بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەکان و خانووەکانی غەززە وایکردووە خەڵکی مەدەنی نەتوانێت لە غەززە نیشتەجێ بن و کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا تاوانی جەنگە، هاوکات تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیشە.
شەڕەکە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس سەریهەڵدا، دوای هێرشێکی لەناکاوی بزووتنەوەکە لە 7ـی ئۆکتۆبەردا بۆ سەر شارۆچکە سنوورییەکانی ئیسرائیل دەستیپێکرد، کە بووە هۆی کوژرانی هەزار و 400 کەس کە زۆرینەیان خەڵکی سڤیل بوون و، زیاتر لە 240 کەسیش وەک بارمتە دەستبەسەر کراون.
لەو کاتەوە ئیسرائیل بە توندی لە رێگەی هێرشە ئاسامانییەکانیەوە وەڵامی هێرشەکەی حەماسی داوەتەوە و دواتر ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بۆسەر غەززە ئەنجامداوە کە تا ئێستا بەردەوامە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە فەڵەستین ژمارەی مردووان گەیشتووەتە زیاتر لە دە هەزار کەس.
بەگوتەی ئەو شارەزایە، یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی ئامانجی مەدەنی و سەربازی دامەزراوە