لە سنووری قەزای مێرگەسۆر زیاتر لە 200 مینی ڤاڵمارا لەناوبران

مینی جۆری ڤاڵمارا.
مینی جۆری ڤاڵمارا.

K24 – هەولێر:

لە سنووری قەزای مێرگەسۆر 202 مین لە جۆری ڤاڵمارا لەلایەن تیمی لەناوبردنی تەقەمەنییەکانی سەر بە بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر لەناوبران.

ئەمڕۆ چوارشەممە (8ـی تشرینی دووەمی 2023) دەزگای گشتی کاروباری مین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە کێڵگەمینی سەری قەلەندەر لەگوندی شێرۆکیان سەر بە ناحیەی مەزنێ لەسنووری قەزای مێرگەسۆر 202 مین لەجۆری ڤاڵمارا، کە لەئەنجامی کاری رۆژانەی تیمەکانی مینلابەری دۆزرابونەوە دوای گرتنەبەری رێکارەکانی تەکنیکی لەلایەن تیمی لەناوبردنی تەقەمەنییەکانی سەر بە بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر لەناوبران.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم کێڵگەمینە بەباڵپشتی رێکخراوی (ITF)ـی وڵاتی سلۆڤینی بەدابینکردنی ئۆتۆمبێل بۆ گواستنەوەی کارمەندانی مینپاکی کاری پاکسازی لێ ئەنجامدرا

پێشتریش نیازی خالید، جێگری سەرۆکی دەزگای مین، بە کوردستان24، رایگەیاندبوو، نزیکەی 260 کیلۆمەتر دووجا لە هەرێمی کوردستان ماوە لە مین پاکبکرێتەوە، هەروەها پاکردنەوەشی پێویستی بە تەرخانکردنی بودجەیەکی زەبەلاح و تایبەتە، بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچانەی کە ماون سەخترن لەچاو ناوچەکانی پێشوو.

هاوکات گوتیشی: دەزگای مین توانیوەتی لە 60%ـی ناوچە مینڕێژکراوەکانی هەرێمی کوردستان پاکبکاتەوە.

نیازی خالید، لەبارەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدابوو، لەکابینەی نۆیەمدا باشترین پاڵپشتی ئەم دەزگایە کراوە، هەروەها زۆرترین داواکاری ئەو دەزگایە لەلایەن حکومەتەوە پەسەندکراوە.

Fly Erbil Advertisment