سوودانی و سه‌رۆكی تیمی بێلایه‌ن بۆ پێداچوونه‌وه‌ی ستراتیژی نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كۆبوونه‌وه
K24 - هەولێر:
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق پێشوازی له سه‌رۆكی تیمی بێلایه‌ن بۆ پێداچوونه‌وه‌ی ستراتیژی نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و شاندی یاوه‌ری ده‌كات و له‌میانی دیداری نێوانیاندا تاووتوێی ئه‌ركه‌كانی داهاتووی یۆنامی له عێراق كرا.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 8ـی تشرینی دووه‌می 2023) محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق پێشوازی له فۆلكه‌ر بێرسس، سه‌رۆكی تیمی بێلایه‌ن بۆ پێداچوونه‌وه‌ی ستراتیژی نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و شاندی یاوه‌ری كرد و له دیداری نێوانیاندا ژماره‌یه‌ك پرس و ته‌وه‌ر ئاڵوگۆڕ كرا و گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا.
هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، سوودانی و فۆلكه‌ر بێرسس باسیان له پێویستیی هاوكارییه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق كرد، به‌شێوه‌یه‌ك سوودانی رایگه‌یاندووه، حكومه‌تی عێراق ئاره‌زوو ده‌كات نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق (یۆنامی) پێداچوونه‌وه به دیاریكردنی له‌پێشینه‌كانی و بواره‌كانی كاركردنی له عێراق بكات، كه له‌گه‌ڵ پێویستییه‌كانی عێراق و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بۆ ئه‌و قۆناغه گونجاو بێت.
راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، سوودانی و فۆلكه‌ر بێرسس هه‌روه‌ها تاووتوێی چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیداریان كردووه، له‌وانه هاوكارییه‌كانی یۆنامی بۆ عێراق له بواری كه‌مئاوی و گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و چاكسازی ئابووری و دارایی و باشتركردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و جێبه‌جێكردنی بنه‌ماكانی مافه‌كانی مرۆڤ.
له‌لای خۆیه‌وه فۆلكه‌ر بێرسس سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشاوه، تیمه‌كه‌یان له نیویۆرك له‌گه‌ڵ نووسینگه و رێكخراوه‌كانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و شاره‌زایانی بێلایه‌ن، جه‌ختیان له سه‌قامگیری سیاسی و ئابووری عێراق كردووه‌ته‌وه.