پیتەر گاڵبرهیت: ئەوەی ئیسرائیل دەیکات تاوانی جەنگە
K24-هەولێر
سیاسەتمەدار و دیبلۆماتکاری ئەمهریکی پیتەر گاڵبرهیت پێیوایە کوشتنی ژن و منداڵانی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە، تاوانی جەنگە و بە پێویستی زانی ئیسرائیل وردتر ئامانجەکانی بپێکێت. دەشڵێت: پەیوەندی باش لە نێوان ئەمهریکا و ئێراندا هەیە.
لە میانهی بهشداری له ژووری هەواڵی کوردستان 24، سیاسەتمەدار و دیبلۆماتکاری ئەمهریکی پیتەر گالبرهیت تایبهت بە هێرشەکانی دەکرێتە سەر ئەمهریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان گوتی: "میلیشیاکان دەیانەوێ ئەمهریکا باڵیۆزخانەی خۆی دابخات، ئەمهریکاش ئەو کارە ناکات، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر باڵیۆزخانە و سەربازانی ئەمهریکا، واشنتن وەڵام دەداتەوە.
گوتیشی: "ئەمهریکا دەیەوێ تیم و سەربازەکانی پارێزراوبن، عێراق وڵاتێکی سەربەخۆیە و خاوەن سەروەرییە و نوێنەری وڵاتانی تێدایە، هەر هێرشێک بۆ سەر نوێنەرایەتی ئەو وڵاتانە، هێرشکردنە بۆسەر سەروەری خۆیان، ئەوە لاوازی عێراق نیشان دەدات کە رێگە دەدات هێرش بکرێتە سەر نوێنەرانی وڵاتان لە وڵاتەکەی".
لەبارەی گوتەکانی دۆناڵد ترەمپ کە باسی لە پەیوەندییەکانی خۆیی و ئێرانی کرد، پیتەر گاڵبرهیت گوتی: "من دڵنیا نییم، بەڵام ئێمە دەزانین دۆناڵد ترەمپ هەماهەنگی هەبوو لەگەڵ قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، كه لە 2017 کە هێرشیانکردەسەر کەرکووک، ئەبو مەهدی موهەندیس تانکی ئەمهریکی بەکارهێنا هاتە سەر پێشمەرگە و بەرەو هەولێر هات و لە کەرکووکەوە ، ترەمپیش لەوانەیە بۆ جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندی هەبووبێ لەگەڵ ئێران، دەزانم جۆ بایدن بەرگری لە ئەمهریکا دەکات و بەرگری لە هاوپایمانەکانیشی دەکات، ئینجا عێراق بێ یاخود هەرێمی کوردستان.
لەبارەی نێوەندگیری عێراق لەنێوان ئێران و ئەمهریکا، گاڵبرهیت پێی وابوو عێراق دەتوانێ رۆڵی خۆی لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بگێڕێت و گوتی:" دەبێ ئەوەمان لەبیر بێت کە لە 2003 ئەمهریکا یەکێک لە ئامانجەکانی ئێرانی بەدیهێنا کە لەناوبردنی سەدام بوو، دوای ئەوەش هەڵبژاردن و هێنانە سەر دەسەڵاتی شیعەکان کە ئامانجی ئێران بوو. زیاتر ئاماژەی بەوەشکرد ئێران و ئەمهریکا زۆر خاڵی هاوبەشیان هەیە، ئێران کولتوورێکی جوان و مێژووێکی درێژی هەیە، هاوکات پەیوەندییەکی باشی کولتوورییان لەنێوان یەکتر هەیە و ملیۆنان ئێرانی لە ئەمهریکا دەژین.
لەبارەی هەڵوێستی ئەمهریکا دوای دروستکردنی حکومڕانییەک لە عێراق، گاڵبرهیت دهڵێت: "رادەستکردنی عێراق بە ئێرانییەکان هەڵەیەکی گەورە بوو، سەرەڕای تێچووی ئەمهریکا، بەڵام لەناوبردنی سەدام و هێنانی پرۆسەیەکی دیموکراسی، هاوکات رێگەدان بە شیعە کە چەوسێندراونەتەوە بە درێژایی مێژووی عێراق، ئەوە کارێکی باشە، لەگەڵ ئەوە رێگە بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بدەی حکومەتی خۆیان هەبێت و خۆشگوزەران بن.
لەبارەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، گوتی: "ئەوە تاوانی جەنگە هیرش بکەیتە سەر منداڵان و خەڵکی سڤیل و بیانکوژی".
کارزان حەیدەر