ئەمەریکا پێگەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەکاتە ئامانج
K24 – هەولێر
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، چەند پێگە و کۆگای چەک و تەقەمەنیان لە سووریا کردووەتە ئامانج، کە لەلایەن "سوپای پاسداران و گرووپەکانی نزیک لە ئێران بەکاردەهێنرێن".
لۆید ئۆستن، وەزیری بەگریی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، هێرشەکان لەلایەن دوو فڕۆکەی جەنگی ئێف15 ئەنجامدراون، کە ئەمە لە وەڵامی ئەو هێرشانەیە کە بەم دواییە لە عێراق و سووریا کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا.
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا جەختیکردەوە، نایانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزبکەن، بەڵام ئامادەی گرتنەبەری هەرجۆرە رێکارێکن بۆ بەرگریکردن لە بنکەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەگوێرەی زانیارییەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ "نۆ کەس کە کاریان بۆ لایەنگرانی گرووپە چەکدارەکانی ئێران کردووە، لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا لە سووریا کوژراون".
ئەمە لەکاتێکدایە، لە 17ی مانگی رابردووەوە زیاتر لە 40 جار بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا بە درۆن و مووشەک بە ئامانج گیراون.
پێشتریش واشنتن له زاری جۆن کێربی گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمهریکا هۆشداری دابوو، کە ئەوەی پێویست بێت دەیکەین بۆ پاراستنی هێزەکانیان لە عێراق و سووریا.