خاچی سووری نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات
K24 - هەولێر
گوتەبێژی خاچی سووری نێودەوڵەتی رایگەیاند: ئیسرائیل و حەماس داوای دڵنیابوونەوەی بارمتەکانیان لە ئێمە دەکەن، بەڵام هیچ یەکێکیان ئامادە نین، دڵنیا ببینەوە لە رەوشی بارمتەکان، پێویستە هەموو لایەنەکان لە رۆڵی ئێمە وەک نێوەندگیرییەکی مرۆیی بێلایەن تێبگەن.
ئیمان تەرابلووسی، گوتەبێژی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵوێستی رێکخراوەکەی ئاشکرا کرد، سەبارەت بە داواکاری سەردانیکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان کە لە 7ی ئۆکتۆبەری رابردووەوە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون، هەروەها وردەکارییەکانی دۆخی مرۆیی ناو کەرتی غەززە.
ئیلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پێشتر داوای لە خاچی سوور کردبوو، کە ئەرکی خۆی بەرامبەر بە زیندانیانی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە جێبەجێ بکات و گوتی: "داوا لە لیژنەی خاچی سوور دەکەین ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و سەردانی ئیسرائیلییە رفێنراوەکان بکات".
ترابلووسی گوتی: بانگەوازەکەمان ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەکەین کە رێگەمان پێبدەن سەردانی ئەو کەسانە بکەین کە لە کەناری رۆژئاوا و ئیسرائیل دەستبەسەرکراون و بەردەوامین لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ حەماس بۆ ئەوەی بتوانین سەردانی بارمتەکان بکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەموو لایەنەکان لە رۆڵی ئێمە وەک نێوەندگیرییەکی مرۆیی بێلایەن تێبگەن، هەربۆیە رێگەدان بە سەردانکردن بۆ کەسانی دەستگیرکراو و بارمتەکان زۆر پێویستە، بەڵام هیچ کام لە لایەنەکان چ لە ئیسرائیل یان حەماس، رێکنەکەوتن لەسەر ئەوەی خاچی سوور بتوانێت ئەو سەردانە ئەنجام بدات.
لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس هەڵگیرسا، لە سەرەتادا باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، لە وەڵامدا سوپای ئیسرائیل بە چڕی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد، پاشان هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد.
تاكو ئێستا كوژراوانی غهززه ده ههزار كهسی تێپهڕاندووه، لهبهرامبهردا 1400 ئیسرائیلی كوژراون، وێڕای برینداربوون و بێسهروشوێنبوونی دهیان ههزار كهسی دیكه له ههردوولا.
به گوێرهی راگهیهندراوی تهندروستی غهززه 70%ـی قوربانییان لە ژنان، منداڵان و بەساڵاچووانن.
ئا: لاڤین عومەر