قیرتاوكردنی تەواوی شەقامەكانی زاخۆ دەستیپێكردووە

دیمەنێکی شاری زاخۆ
دیمەنێکی شاری زاخۆ

K24 - هەولێر

قیرتاوكردنی گەڕەك و كۆڵانەكانی ناو شاری زاخۆ دەستیپێكردووە و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە سێ كیلۆمەتەر قیرتاو كراوە و بەردەوامیشە.

هەڵمەتی قیرتاوكردن و نوێكردنەوەی شەقامەكانی شاری زاخۆ، دانانی ستوونی كارەبا و تۆڕی ئاو و ڕەسیفەكانیشی لەگەڵدایە.

ماهیر ئەحمەد، بەڕێوەبەری پڕۆژەی قیرتاوكردنی گەڕەكەكانی زاخۆ بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "بەر لە چەند مانگێك، پاش بڕیاری سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و شارەوانیی زاخۆ، دەستمان بە قیرتاوكردنی ئەو كووچە و كۆڵانانەی زاخۆ كرد كە قیرتاو نەكراون، بۆ ئەو مەبەستەش تا ئێستا 3 هەزار و 300 مەتر قیرتاو كراوە و پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت."

هاووڵاتییانی زاخۆ لەوبارەوە دەڵێن: "قیرتاوكردنی كۆڵانەكەمان لە زاخۆ، كارئاسانی زۆری بۆ هاتوچۆ و كاری ڕۆژانەمان كردووە. سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە ئەو کارەی ئەنجام داوە."

بەشێكی فراوانی پرۆژەكانی كابینەی نۆیەم سەرباری ئەوەی لە شارە گەورەكان بەڕێوە دەچن، ڕووی لە شار و ئیدارە سەربەخۆكانیشە و دەیەوێت هەموو ناوچەكانی كوردستان بە یەكسانی بگرێتەوە.

Fly Erbil Advertisment