هێرۆ مستەفا وەک باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا لە میسر سوێندی یاسایی خوارد
K24 - هەولێر
هیرۆ مستەفا باجەلان، رۆژی چوارشەممە، وەک باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا لە میسر سوێندی یاسایی خوارد و دەست بەکار دەبێت.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە میسر رایگەیاند، باڵیۆزی ئەمەریکا ئەرکی خۆی لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان ئەمەریکا و میسر وەردەگرێت و هەوڵە هاوبەشەکانمان بەهێزتر دەکات بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە میسر لەسەر پلاتفۆرمی X بڵاویکردەوە، "هیرۆ مستەفا، وەک باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا لە میسر سوێندی یاسایی خوارد، هێرۆ لەم کاتە گرنگەدا ئەرکەکانی لە باڵیۆزخانەکە وەردەگرێت، لە پەیوەندییە ستراتیژییە دوو قۆڵییەکاندا و هەوڵە هاوبەشەکانمان بەهێزتر دەکات بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا".
پیشتر ئەو دیپلۆماتکارە پۆستی باڵیۆزی ئەمەریکای لە بولگاریا هەبووە لە ساڵی 2019 تا 2023، هەروەها جێگری سەرۆکی نوێنەرایەتی ئەمەریکای لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لیشبۆنەی پورتوگال هەبووە، راوێژکاری سیاسی وەزیر بووە لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە نیودەلهی پایتەختی هیندستان.
پێشتر هێرۆ مستەفا، لە نووسینگەی جێگری سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، لە بابەتەکانی پەیوەست بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشوور و ناوەڕاستی ئاسیا کاری کردووە.
هێرۆ، لە دەرەوەی وڵات وەک سەرۆکی رێکخەری مەدەنی ئەمەریکا لە مووسڵ، هەروەها ئەفسەری کونسوڵخانە لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان و ئەفسەری سیاسی لە ئەسینای پایتەختی یۆنان کاری کردووە.
هێرۆ مستەفا، لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی باڵیۆزی ئەمەریکا لە بولگاریا لە ساڵی 2019 دا، گوتی: شانازی دەکەم کە وەک ئەمەریکییەکی بە رەچەلەک کورد، وەک باڵیۆز کاندید کراوم.
هێرۆ مستەفا باجەلان، لە دایکبووی ساڵی 1973 شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە، لە تەمەنی سێ ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کردووە بەرەو ئەمەریکا، خوێندنی لە زانکۆی جۆرج تاون لە واشنتن خوێندووە، هەروەها ماستەری لە زانستە سیاسیەکانی لە زانکۆی پرنستن لە نیو جێرسی تەواوکردووە.
هەروەها چیرۆکی کۆچکردنی خێزانەکەی کرداوەتە فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری، کە هێرۆ پاڵەوانی فیلمەکەیە.