دوای حەماس کێ کەرتی غەززە بەڕێوەدەبات؟

هێرشی زەمینی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە - وێنە: AFP
هێرشی زەمینی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە - وێنە: AFP

K24 - هەولێر

پرسی بەڕێوەبەردنی کەرتی غەززە لەدوای شەڕی ئێستای حەماس و ئیسرائیل، لەم دواییانەدا بووەتە بابەتێکی گەرمی کۆبوونەوەی ئەمەریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی.

هەوڵەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ رازیکردنی وڵاتانی عەرەبی بۆ بەشداریی کردنییان لە دەستەی بەڕێوەبەریی کەرتی غەززە لە دوای شەڕ، بەردەوامە. حکومەتی ئەمەریکا نوێنەرایەتی ئیسرائیل دەکات لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بەو پرسە.

هەریەک لە میسر، ئوردن و دەسەڵاتدارێتی فەڵەستینیش بەفەرمی ئەو پێشنیازەیان ڕەتکردووەتەوە و بە ڕوونی دەڵێن، "نابینە بەشێک لە بەرەی دژی حەماس و دەبێت بەڕێوەبەرانی کەرتی غەززە هەر لە خەڵکی کەرتەکە بن".

لە میانەی سەردانێکیدا بۆ میسر، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری "سی ئای ئەی"ــی ئەمەریکا، ویلیام بێرنز، لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر کۆبووەوە.

بەگوێرەی زانیاری میدیا میسرییەکان، ویلیام بێرنز، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا لەبارەی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە لەدوای کۆتاییهێنان بە حەماس لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر کۆبووەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازیکردووە، بەشێکبن لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە لەدوای شەڕ، بەڵام سیسی پێشنیازەکەی رەتکردووەتەوە.

ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردنیش بە هەمان شێوە لەبارەی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە لەلایەن هاوپەیمانێتییەکی عەرەبی و نێودەوڵەتی، رایگەیاندووە، دژی بیرۆکەیەکی لەوشێوەیەن و نابنە بەشێک لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەحمەد مەجدەلانی ئەندامی ڕێکخراوی ڕزگاریی فەلەستین دەڵێت، "ئێمە بەسەر پشتی دەبابەکانی ئیسرائیل ناگەڕێینەوە بۆ نێو غەززە، بەڵکو چارەسەری گشتگیری سیاسی و گەرەنتی نێودەوڵەتییمان دەوێت".

هەوڵی ئامادەکاری بۆ دەستەی بەڕێوەبەریی غەززە لە کاتێکدایە، کە لەماوەکانی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، ئیسرائیل نیازی بەڕێوەبردنی غەززەی لە دوای شەڕ نییە و کار دەکەن بۆئەوەی کەرتەکە ڕادەستی هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی بکەن.

زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش بریندارن. هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە دەستگیرکراون.

ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە چوار هەفتەیە  پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 9 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 10 هەزاری دیکەش بریندارن.