بەهۆی جەنگی غەززەوە پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا کەمیکردووە

ڤۆڵۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا
ڤۆڵۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا

K24 - هەولێر:

جەنگی سەختی سەر کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیل و توندتربوونی ململانێ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئۆکرانیای بێئومێد کردووە لەوەی بتوانێ لە ئێستادا سەرنجی جیهان و هاوپەیمانەکانی بۆ لای خۆی رابکێشێ.

رۆژی پێنجشەممە (9ـی تشرینی دووەمی 2023) رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لێدوانی چەند دیبلۆماتکارێکی ئەوروپای لەسەر لێکەوتەکانی جەنگی حەماس و ئیسرائیل لەسەر جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا بڵاوی کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دیبلۆماتکارانە پێیان وایە ئاڵۆزییەکانی ئێستای  ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئۆکرانیای بێئومێد کردووە لەوەی لە ئێستادا بتوانێت سەرنجی وڵاتە بێلایەنەکانی شەڕ بۆ کۆبوونەوەیەکی پشتیوانی لە خۆی  کۆبکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، کێف پلانی هەبووە کۆتایی ئەمساڵ کۆڕبەندێک بۆ پشتیوانی لەخۆی رێکبخات، بەڵام ئێستا  چاو و سەرنجەکان هەمووی لەسەر غەززەیە و ئۆکرانیا لە ئێستادا بیرچۆتەوە.

رۆژنامەکە نووسیویەتی: شەڕی حەماس و ئیسرائیل ناکۆکی خستۆتە نێوانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و هەندێ وڵاتی عەرەبیش، کاریگەری بەسەر کێفیش هەبووە لەوەی بێئومێدی کردووە لە بەشداری ئەو وڵاتانە لە گفتوگۆکردن بۆ پرسی ئاشتی لە ئۆکرانیا.

پێشتر ڤلادیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند: بارودۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چاوەکانی لەسەر ئۆکرانیا هەڵگرت. هەروەها ئاژانسی بلومبێرگ ئاشکرای کردووە، دانووستەکانی دەربارەی بارودۆخی ئۆکرانیا ، گۆڕان بۆ ئەو گفتوگۆیانەی لەبارەی پرسی مرۆیی لا کەرتی غەززە دەکرێت.


کارزان حەیدەر