تا ئێستا 200 پۆستەری کاندیدان لە کەرکووک شێوێندراون
K24 – کەرکووک:
لەسەرەتای دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان زیاتر لە 200 پۆستەر لە کەرکووک دڕێندراون، زۆربەی پۆستەرەکان لەگەڕەک و ناوچە کوردییەکان دڕاون، هاووڵاتییان کورد پێیان وایە ئەمە دەستێکە بۆ تێکدانی نێوانی لایەنە کوردییەکان، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەعێراق لەسەر دڕاندی وێنەی کاندیدەکانی کەرکووک هاتە دەنگ و داوای دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەکات کە ئەو کارە ئەنجامئەدەن.
لە شوێنە گشتییەکان وێنە و پۆستەری کاندیدەکان دەستیان بۆ نەبردراوە، بەڵام لە هەندێک گەڕەک و ناوچەی کوردی وێنە و پۆستەرەكان شێوێندراون، شەوی رابردوو لە بازاڕێک لە گەڕەکی پەنجا عەلی دەست بۆ هەموو وێنە و پۆستەری کاندیدەکان بردراوە و دڕاندوویانە.
بەشێک لە هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک شێواندی پۆستەری کاندیدە کوردەکانیان بە کارێکی ناپەسنەد وەسف کرد و ئاماژەیان بەوەدا، کە ئەم کارە دەستێکی لە پشتە و ئامانج لێی تێکدانی نێوانی لایەنە کوردییەکانە.
لەلایەن خۆیەوە لیزا فەلەکەدین کاکەیی، یاریدەدەری سەرۆکی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم کارە چاوەڕوانکراوبوو کە کاندیدەکانمان بەربەستیان بۆ دروستبکرێن و بێزار بکرێن، ئێمە بڕیارمانداوە گوێ بە بابەتە لاوەکییانە نەدەین، چونکە بە شێواندنی پۆستەری کاندیدەکانمان ناتوانن ئیڕادەی ئێمە و دەنگەدەرانمان بشکێنن.
لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، زیاتر لە 200 پۆستەر و وێنەی کاندیدەکان دڕاون و شێوێندراون، هەڵمەتی دڕاندنی پۆستەرەکان زیاتر کاندیدەکانی پارتی گرتووەتەوە.
زۆربوونی شێواندنی پۆستەر و وێنەی کاندیدەکان وایکرد کە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەعێراق بریار بنێریت بۆ لایەنە ئەمنیەکانی کەرکووک کە هەر کەسێک ئەگەر هاتوو وێنە و پۆستەری کاندیدەکان بدڕێنێت دەستگیری بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هێزە ئەمنییەکان کەسیان دەستگیرنەکردووە.