ئیسرائیل نه‌خۆشخانه‌ی شیفا له‌ غه‌ززه‌ بۆردومان ده‌كات و به‌هۆیه‌وه‌ 13 كه‌س كوژران

K24 – هەولێر:

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس، ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 10ـی تشرینی دووه‌می 2023)، سوپای ئیسرائیل نه‌خۆشخانه‌ی شیفای له‌ غه‌ززه‌ بۆردومانكردووه‌، بووه‌ته‌ هۆی كوژرانی 13 كه‌س و برینداربوونی ده‌یان كه‌سی دیكه‌.

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ گوته‌بێژی به‌رگری شارستانی غه‌ززه‌ رایگه‌یاند، ژماره‌یه‌ك كوژراو و بریندار له‌ شوێنی بۆردومانه‌كه له‌سه‌ر زه‌وی‌ كه‌وتوون و نه‌مانتوانیووه‌ پێیان بگه‌ین.

له‌مباره‌یه‌وه‌ محه‌ممه‌د ئه‌بو سه‌لیمه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌كه‌ رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ چواره‌م جاره‌ له‌وه‌ته‌ی 7ـی مانگی رابردووه‌وه‌، سوپای ئیسرائیل نه‌خۆشخانه‌ی شیفا بۆردومان ده‌كات.

گوتیشی: "ماوه‌یه‌كه‌ ئیسرائیل نه‌خۆشخانه‌ و ژێرخانه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ به‌ئامانج ده‌گرێت".

جگه‌ له‌وه‌، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی، سوپای ئیسرائیل نه‌خۆشخانه‌ی ره‌نتیسی تایبه‌ت به‌ منداڵان بۆردومان كرد، كه‌ بووه‌ هۆی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگرێكی گه‌وره‌ له‌ نهۆمی سه‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌كه‌.

دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.

به‌گوێره‌ی دوایین ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی غه‌ززه‌، تا ئێستا ژماره‌ی كوژراوان له‌ هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 10 هه‌زار و 812 كه‌س.

هه‌روه‌ها ژماره‌ی كوژراوانی ئیسرائیل گه‌یشتووه‌ته‌ زیاتر له‌ 1500 كه‌س و وێڕای برینداربوون و بێسه‌روشوێنبوونی ده‌یان هه‌زاری دیكه‌.