تەندروستیی غەززە: ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە گەیشتە 11078 کەس
K24 – هەولێر:
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە کەرتی غەززە ئاشکرای کرد، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە 11 هەزار کەسی تێپەڕاند، لە 7ـی مانگی رابردووەوە کە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەززە دەستپێکردووە.
رۆژی هەینی (10ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە بۆ 11 هەزار و 78 کەس بەرزبووەتەوە.
تەندروستیی غەززە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ژمارەیەدا چوار هەزار و 506 منداڵ لەخۆدەگرێت کە لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە.
لەبارەی ئاماری بریندارانیش، تەندروستی غەززە رایگەیاندووە، 27 هەزار و 490 کەسی دیکەش لە ئەنجامی هێرشەکان لە کەرتی غەززە برینداربوون.
هاوکات تەندروستی غەززە ئاشکرایکردووە، 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 21 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.
جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززە، 35 رۆژە بەردەوامە و بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان، نزیکەی لە 1500 ئیسرائیلی کوژراون کە زیاتر لە 350 کەسیان سەربازی سوپان و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش بە بارمتە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراون.
دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.