ماکرۆن: ئاگربەست تاکە چارەسەرە بۆ شەڕی ئیسرائیل و حەماس

K24 - هەولێر

 سەرۆکی فەرەنسا رایدەگەیەنێت، ئاگربەست تاکە چارەسەرە بۆ شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی هەینی لە کۆشکی ئێلیزێ، رایگەیاند "لە کاتێکدا ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگری لەخۆی بکات لە دوای هێرشەی لە 7ی ئۆکتۆبەر کە لەلایەن حەماسەوە ئەنجامدرا، بەڵام دەبێ پابەند بێت بە یاساکانی جەنگەوە، پابەند بێت بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی".

ماکرۆن ئاماژەی بەوەشکرد، بەهیواین سەرکردەکانی دیکەی جیهانیش بەشداری بانگەوازەکە بکەن بۆ ئاگربەست، گوتیشی: "ئێمە هاوبەشی ئازارەکانین و بەشێکین لە خواستی رزگاربوون لە تیرۆر، هەروەها دەزانین تیرۆر مانای چییە لە فەرەنسا، بەڵام من باوەڕم وایە هیچ پاساوێک نییە، بۆ هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی".

دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، لەبەرامبەردا سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.

رۆژی هەینی (10ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە بۆ 11 هەزار و 78 کەس بەرزبووەتەوە.

تەندروستیی غەززە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ژمارەیەدا چوار هەزار و 506 منداڵ لەخۆدەگرێت کە لە ئەنجامی هێشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە.

لەبارەی ئاماری بریندارانیش، تەندروستی غەززە رایگەیاندووە، 27 هەزار و 490 کەسی دیکەش لە ئەنجامی هێرشەکان لە کەرتی غەززە برینداربوون.