فەرەنسا: دەبێت ئیسرائیل کوشتنی خەڵکی مەدەنی بوەستێنێت

K24 - هەولێر

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، داوای لە ئیسرائیل کرد، ئەو بۆردومانانە بوەستێنێت کە خەڵکی مەدەنی لە غەززە دەکوژێت.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکدا بە کەناڵی "بی بی سی"ـی راگەیاند، "ئێمە هاوبەشی ئازارەکانی ئیسرائیلین، هەروەها بەشداری لە خواستەکانیان بۆ رزگاربوون لە تیرۆر"، بەڵام "هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەو بۆردومانانەی کە خەڵکی مەدەنی لە غەززە دەکوژێت، وەکو مندڵ و ژن و بەساڵاچووان".

سەرۆکی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشکرد: ئەم کاردانەوەیە لە شەڕی دژ بە تیرۆر، چونکە لە دیموکراسییەکەوە سەرچاوە دەگرێت، دەبێت بە پێی رێسا نێودەوڵەتییەکانی جەنگ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە، ماکرۆن جەختی کردەوە و گوتی: "دادپەروەری نییە"، نیگەرانی خۆشی دەربڕی لەوەی بۆردومانی چڕی غەززە دەبێتە هۆی ناڕازیبوون لە ناوچەکەدا.

رۆژی پێنجشەممە، سەرکردەکانی وڵاتانی بەشدار لە کۆنفرانسی مرۆیی تایبەت بە کەرتی غەززە لە پاریس، بەڵێنیان دا کە بەهای زیاتر لە یەک ملیار یۆرۆ هاوکاری پێشکەش بە کەرتی غەززە بکەن، ئەمەش لە ژێر رۆشنایی بانگەوازەکانی ئاگربەستدا، بڕیارە بەشێکی زۆری ئەم هاوکارییە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی دانیشتوانی غەززە و کەناری رۆژئاوا بەکاربهێنرێت، کە تا کۆتایی ساڵی 2023 بە نزیکەی یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

ماکرۆن بە نوێنەری پەنجا وڵات و رێکخراوە مرۆییەکانی راگەیاند، "لەماوەیەکی کورتدا دەبێت کاربکەین بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی، بۆ ئەوەی ئەم کارە بکەین، پێویستە زۆر بە خێرایی ئاگربەستی مرۆیی دابمەزرێنین.