پێشەوا هەورامانی: گرنگیدان بە سێکتەری کشتوکاڵ لە پێشینەی کارەکانی کابینەی نۆیەم بووە
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لە کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە سێکتەری کشتوکاڵ و لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا زانیارییەکان بە ژمارە دەخاتەڕوو.
پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ گرنگیدان بە سێکتەری کشتوکاڵ و بەرزکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی و پشتیوانیکردن لە جووتیاران، لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا، ئەنجوومەنی وەزیران 15 بڕیار و ئەنجوومەنی راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ 325 بڕیاریان دەرکردووە، هەروەها حەوت پرۆژەبڕیار و هەشت پڕۆژەیاسا ئامادەکراون و 657 توێژینەوە و 166 خوول و زیاتر لە سێ هەزار رێنمایی بۆ جووتیاران و کاری کشتوکاڵی ئەنجامدراوە.
پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەشکردووە، وەبەرهێنان لە سێکتەری کشتوکاڵی لە ماوەی چوار ساڵی رابروودی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، لە 1.5% بۆ سەروو 8% بەرزبووەتەوە و روونیکردەوە، لە پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران، کابینەی نۆیەم چوار سایلۆی نوێی دروستکردووە و چەند سایلۆیەکی دیکەش لەژێر دروستکردندان، بەمەس رێژەی کۆگاکردنی گەنم بۆ زیاتر لە 800 هەزار تۆن بەرزبووەتەوە.
هاوکات پێشەوا هەورامانی باسی لەوەشکردووە، ئێستا کەمترین بنەتۆ هاوردە دەکرێت، ئەویش دوای ئەوە بەرهەمی بنەتۆ لە چوار ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەم بۆ 15 هەزار و 762 تۆن زیادیکردووە کە 10 هەزار و 405 جووتیار لێی سوودمەند بوون.
هەروەها لەپێناو زیادکردنی ئاستی هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان، پێشەوا هەورامانی باسی لەوەکردووە، کابینەی نۆیەم هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی کوالیتی بەرهەمی گەنم و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکەی داوە و لەماوەی رابردووش، هەنار، ترێ، سێو، پەتاتە، هەنگوین و چەندین بەرهەمی دیکەش هەناردەی دەرەوە کراون.
سەبارەت بە بەرهەمی پەتاتە، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستووەتەڕوو، لەماوەی چوار ساڵدا، رێژەی بەرهەمی پەتاتە لە 25 هەزار تۆنەوە بۆ زیاتر لە 800 هەزار تۆن بەرزبووەتەوە و مۆڵەتیش بە شەش کۆمپانیای دروستکردنی بەرهەمی چپسی پەتاتە و فینگەر دراوە کە ئاستی بەرهەمهێنانیان دەگاتە 70 هەزار تۆن لە ساڵێکدا.
لە بواری ئاژەڵداری، هەزار و 870 پرۆژە لە چوار ساڵدا چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە گرنگیدان بە سامانی ماسی، 21 پرۆژە ئەنجامدراوە و بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوین 324 هەزار و 700 پوورەی هەنگ دانراوە و 11 پرۆژەی بەرهەمهێنانی قارچک و حەوت کارگەی زەیتوون کەوتوونەتە کار.
پێشەوا هەورامانی باسی لەوەشکرد، 37 مۆڵەتی کارکردن لە پرۆژەکانی دارستان و باخداری و پاوان دراوە و زیاتر لە نیو ملیۆن نەمام چێندراوە و دوو ملیۆن مەتر دووجا هێلی ئاگربڕ دروستکراوە بۆ پاراستنی رووبەڕی سەوزایی لە سرووشتی کوردستان.
بۆ پاراستنی بەرهەمی جووتیارانیش، گرنگی بە دروستکردنی عەلوەی هاوچەرخ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دراوە و تا ئێستا لە هەولێر و سلێمانی کارەکانیان تەواوبووە کە عەلوەکەی هەولێر 400 شوێنی بازرگانی و 130 ساردخانە لەخۆدەگرێت و عەلوەی سلێمانی 63 شوێنی بازرگانی و 229 کۆگا لەخۆدەگرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ هەمەجۆرکردنی بەرهەمەکان و بوونی زۆربەی بەرهەمەکان لە گشت وەرزەکاندا، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە جووتیاران کردووە بۆ دانانی 29 هەزار و 420 خانووی پلاستیکی.
بۆ زانیاری زیاتر و بینینی تەواوی داتا و ژمارەکانی سێکتەری کشتوکاڵ لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بینەری ئەم ڤیدیۆیەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن.