بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت؛ هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر دەستوور و گرێبەستەکان دەکاتەوە
K24 – هەولێر:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری نەوتی فیدراڵ و تیمەکەی رایگەیاند، جەختمان لە دابینکردنی پێداویستی دارایی و تەکنیکیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە زووترین کاتدا کردەوە لە سەربنەمای دەستوور و گرێبەستەکان.
رۆژی یەکشەممە (12ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و تیمەکەی، جەختمان لە دابینکردنی پێداویستی دارایی و تەکنیکیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە زووترین کاتدا کردەوە لەسەر بنەمای دەستوور و گرێبەستەکان کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمدایە".
لەگەڵ @HAbdalghanii جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و تیمەکەی، جەختمان لە دابینکردنی پێداویستی دارایی و تەکنیکیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە زووترین کاتدا کردەوە لە سەربنەمای دەستوور و گرێبەستەکان کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمدایە.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) November 12, 2023
رۆژی یەکشەممە (12ـی تشرینی دووەمی 2023) شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری گەیشتنە هەولێر و لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازی لێ کرا.
پێشتر پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، ئەم سەردانە لە سەر رێککەوتنی هەردوو سەرۆکوەزیران بووە، تاکو بێنە هەولێر و لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆسیەی نەوتی هەرێم و کێشەکانی پێکەوە چارەسەر بکەن کە دوو بۆ سێ رۆژ دەمێننەوە و بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکان کێشەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمە دەبێت.
دوای گەیشتنی بۆ شاری هەولێر، حەیان عەبدولغەنی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، ئامانج لە سەردانی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەولێر، بەمەبەستی لێکنزیکردنەوەی دید و بۆچوونی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە سەبارەت بە دووبارە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
حەییان عەبدولغەنی ئاماژەی بە گرنگی دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو عێراق کرد و گوتی، "بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، پێویستە رۆژانە هەرێمی کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات. هەوڵدەدەین لە کۆبوونەوەکاندا هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئاسانتر دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت".
لە کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دووپات کردەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هێنانەکایەی لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەش بە ئاراستەی بەجێگەیاندنی پێداویستیيە دارایی و تەکنیکیيەکانی پرۆسەی هەناردەكردن و لە چوارچێوەی بنەما دەستووریی و گرێبەستەکان و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی سەرجەم لایەنەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی خەرجیى شایستەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم کە لەناو بودجەی حكومەتی فیدڕاڵ تەرخانکراویی پێویستی بۆ دانراوە.
هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەی بەوەدا، وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە و پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردن دەست پێ بکاتەوە. لەمبارەیەوە وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی راسپارد کە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکەن کە بڕیارە بۆ چەند رۆژێک لە هەولێر بمێننەوە.
ئەو شاندەی یاوەری حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵییان دەکرد، پێکهتابوون لە بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕەێوەبەری گشتیى کۆمپانیای سۆمۆ و جێگرەکەی.
رۆژی دووشهممه (18ـی ئهیلوولی 2023) فوئاد حوسێن، وهزیری دهرهوهی عێراق رایگەیاند، یهكێك له بژاردهكانی چارهسهركردنی ئهو كێشهیهی لهنێوان توركیا و عێراقدا ههیه، بریتییه له جیاكردنهوهی دۆسیهی بڕیارهكهی دادگای پاریس له هێڵی بۆری بهندهری جهیهان. جهختیشیكردهوه، داخستنی هێڵی بۆری بهندهری جهیهان، كێشهیهكی گهورهی بۆ عێراق دروست كردووه، كه بههۆیهوه ههرێمی كوردستان ناتوانێت رۆژانه بڕی 400 ههزار بهرمیل بۆ دهرهوه ههنارده بكات، كه ئهمهش زیانێكی گهورهی دارایی به عێراق و ههرێمی كوردستان دهگهیهنێت، بهتایبهت كه له ئێستادا نرخی نهوت له بازاڕهكانی جیهان بهرزبووهتهوه.
دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە (25ـی ئاداری 2023)، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا.
هەروەها رۆژی (سێشەممە 4ی نیسانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە واژووکرا.
بهگوێرهی رێككهوتنی نێوان ههولێر و بهغدا کە دواتری لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) جێگیرکرا، پێویسته ههرێمی كوردستان رۆژانه 400 ههزار بهرمیل نهوت رادهستی کۆمپانیای سۆمۆ بكات، لهبهرامبهردا شایسته داراییهكانی ههرێمی كوردستان لهلایهن بهغداوه دابینبكرێت.
كهمال محهممهد ساڵح وهزیری سامانه سرووشتییهكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان به وهكالهت، لە (4ـی ئەیلوولی 2023) رایگەیاند، له 25ـی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، رۆژانه 50 ههزار تا 102 ههزار بهرمیل نهوت رادهستی بهغدا كراوه، بهگشتی رۆژانه 85 ههزار بهرمیل نهوت دراوهته بهغدا، بهڵام لهو كاتهوه تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک خهرجنهكراوه.