شاخەوان عەبدوڵڵا: فەرمانی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی تیمی پاسەوانیی حهلبووسی هەڵوەشێندرایەوە

K24 - هەولێر:
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، گرێبەستی تیمی پاسەوانەکانی محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق د.شاخەوان عەبدوڵڵا ئهمڕۆ چوارشەممە 15 ی تشرینی دووەمی 2023 لهمیانهی بهیاننامهیهكدا رایگەیاند، سەرۆکایەتی پەرلەمان فەرمانێکی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی تیمی پاسەوانەکانی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان محەممەد حەلبووسی هەڵوەشاندەوە.
بە گوێرهی قسەکانی د.شاخەوان عەبدوڵڵا، فەرمانی ئەو گرێبەستە بەشێوەی تاکە کەسی لە لایەن فەلاح مەترود بەرێوەبەری گشتی فەرمانگەی کاروباری کارگێڕی پهرلهمانی عێراق کراوە ، هەر لەبەر ئەوەش لیژنەی لێکۆڵینەوە لەو بابەتە پێک دێت و توندترین سزای ئەو بەرێوەبەری گشتیەش دەدرێت.
لە فەرمانی دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمان بە ژمارە(6921) ی ساڵی 2023، هۆبەی پاسەوانەکانی فەرمانگەی کاروباری کارگێڕی پەرلەمانی عێراقدا هاتووە، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە 9 /ی فیدراڵی/2023 لە 14 ی تشرینی دووەمی 2023، لە رۆژی دەرچوونی بڕیارەکە بەهۆی لێسەندنەوەی پۆستەکەی، بڕیاردرا کۆتایی بە گرێبەستی پاسەوانەکانی محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان بێت، کە ژمارەیان 48 پاسەوانە.
دوێنێ سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە.
حەلبووسی لە ساڵی 2018ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، هاوکات سەرۆکی حزبی تەقەدوومە. پێشتر و بەر لەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، لە 29ی ئابی 2017، ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە زۆرینەی دەنگ حەلبووسی کردە پارێزگار.

کارزان حەیدەر