سزاكان بههۆی بهرزبوونهوهی نرخی وزه له ئیتاڵیا 15 ملیۆن یۆرۆ تێدهپهڕێنێت

K24 – هەولێر:
دەستەی چاودێری کێبڕکێ و قۆرخکاری ئیتاڵی رایگەیاند، کە زیاتر لە 15 ملیۆن یۆرۆی سزای بەسەر شەش دابینکەری غاز و کارەبادا سەپاندووە کە لە رێگەی پراکتیزەکردنی بازرگانی خراپەوە نرخەکانیان بەرزکردووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (15ـی تشرینی دووەمی 2023) دەستەی چاودێری کێبڕکێ و قۆرخکاری ئیتاڵی لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاندووە، گەورەترین سزای بەسەر کۆمپانیای زەبەلاحی وزەی ئیتاڵی (ئێنێڵ) 10 ملیۆن یۆرۆ سەپاندووە، هەروەها سزای پێنج ملیۆن یۆرۆی بەسەر کۆمپانیای وزەی (ئێنی) سەپاندووە کە بە شێوەیەکی تاکلایەنانە نرخەکانیان بۆ زیاتر لە 4 ملیۆن بەکارهێنەر بەرزکردووەتەوە، بە پشتبەستن بە مەرجەکانی گرێبەستەکە کە رێگەیان پێدەدات ئەوە دیارییبکەن کە کەی نرخەکان دەگۆڕن.
هاوکات دەستەی چاودێری کێبڕکێ و قۆرخکاری ئیتاڵی چوار کۆمپانیاکەی دیکەشی سزادا کە بڕەکەی لە 5 هەزار یۆرۆ دەستیپێدەکات تا 560 هەزار یۆرۆ.
بەگوێرەی زانیاری دەستەی چاودێری ئیتاڵیا، "ئەو شەش کۆمپانیایە پراکتیزەی بازرگانی خراپیان ئەنجامداوە و داوایان لە بەکارهێنەران کردووە بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا و غاز قبوڵ بکەن" ئەمەش پێچەوانەی یاسا کارپێکراوەکانە.
بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا بەتایبەتی، حکومەتی ئیتاڵیا لە ماوەی نێوان 10ـی ئابی 2022 تا 30ـی حوزەیرانی 2023 بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا و غازی قەدەغە کرد.
سەرەڕای ئەم یاسایە، ئەو شەش کۆمپانیایە "نامەیەکیان بۆ کڕیارەکانیان نووسی و داوایان لێکردن گۆڕانی نرخەکان لەم ماوەیەی پێشوودا قبوڵ بکەن.