دیندار زێباری: زیاتر لە 200 داعشمان بەپێی یاسایی تیرۆر دادگایی کردووە
K24 - هەولێر
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر بابەتی مافی مەدەنی و سیاسی گفتوگۆمان کردووە، هەروەها زیاتر لە 200 داعشمان بە یاسایی تیرۆر دادگایی کردووە، پرۆسەکەش بەردەوامی هەیە.
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێمە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆمان لەسەر بابەتی مافی مەدەنی و سیاسی کرد، کە ئەویش سێ تەوەری سەرەکییە، لەوانە دادگایی کردن، سەربەخۆیی دادگاکان و دادگایی کردنی دادپەروەرانە.
گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بەم سێ تەوەرە، چونکە زۆر گرنگە و ئەتوانن رۆڵیکی کارا ببینن لە رووی حکومڕانییەکی باش لە هەرێمی کوردستاندا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە بابەتی دەسەڵاتی دادوەری بە بابەتێکی گرنگ دەبینین.
دەشڵێت: ئەوەی من دەمەوێت قسەی لەسەر بکەم ئەو راسپاردانەیە کە سەبارەت بە دادوەری هاتووە، هەروەها باس لەسەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێت، ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێگا خۆشکەرین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی خول و راهێنان و پاڵپشتی زیاتر بەدەست بهێنین جا هونەری بێت، یان پسپۆڕی یان یاسایی بێت.
گوتیشی: لە پرۆسەی دەرباز بوون لە سزا، داوامان لە دەسەڵاتی دادوەری ئەوەبووە، کە ئەو دەسەڵاتە سەربەخۆییە، وە ئێمە بەپێی ئەو پلانەی کە هەمانە لەسەر ئاستی دەسەڵاتی دادوەری، هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، دادوەر عەبدولجەبار هاوکارێکی سەرەکی بووە بۆ ئەو پلانە.
هاوکاری دادوەری گرنگە کە لەرووی ئەو ستانداردە نێودەوڵەتییانەوە کە دادوەرەکان، لەرووی ریسێرچ بێت یان بەدواداچوون بێت یان تازە کردنەوە بێت، گرنگە دادوەران ئەو وشیاریانەیان هەبێت.
سەبارەت بە رەگەز پەرەستی دیندار رایگەیاند، ئێمە لە کوردستان خەڵکێکی زۆرمان هەیە لە پێکهاتە جیاوازەکان کە لە هەرێمی کوردستان دەژین، گرنگە کە پێکهاتەی دادوەری ئەمە لەبەرچاو بگیرێت، ئەو پیکهاتانە گرنگە بەشداربن لە دادوەری یان داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان.
دادگایی کردنی داعش بە یاسایی تیرۆر بەردەوامە، تەنها لە ساڵی 2021 و 2022 زیاتر لە 200 داعشمان دادگایی کردووە، پرۆسەکەش بەردەوامی هەیە، گوتیشی: سەبارەت بە ماددەی هۆشبەر بەداخەوە ئەوانەی سزا دراون یان راگیراون، زۆربەیان ئەو ماددەیان بەکارهێناوە.