کوردستان24 زانیاری لەبارەی کەوتنەخوارەوەی کچێک لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی هەولێر بڵاودەکاتەوە

دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبارەکە لە ئاسایشی هەولێر - وێنە: کوردستان24
دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبارەکە لە ئاسایشی هەولێر - وێنە: کوردستان24

K24 – هەولێر:

ئاسایشی هەولێر رایگەیاند دوو تۆمەتباری بە کەوتنەوخوارەوەی کچێک لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری هەولێر دەستگیرکردووە و رەتیشیکردەوە، کچەکە گیانی لەدەستدابێت و روونیکردەوە، ئێستا لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە.

رۆژی شەممە (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "دوای ئەوەی لە رێکەوتی (18/11/2023) رووداوی کەوتنەخوارەوەی ئافرەتێک لە شووقەکانی ئیسکان روویدا، لەلایەن هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەست بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە کرا و دوای وەرگرتنی رەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دوو تۆمەتبار بەناوەکانی (ف. ز. ص.) و(م. أ. ع.) دەستگیرکران".

ئاسایشی هەولێر رایگەیاندووە، "لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت هەردوو تۆمەتبار لەگەڵ ئەو ئافرەتە لەژێر کاریگەری ماددە کحولییەکان، لە کاتژمێر حەوتی بەیانی  کێشە لەگەڵ ئەو ئافرەتە دروست بووە و دواتر لەلایەن یەکێک لەتۆمەتبارەکان ئەو ئافرەتە لە شوقەکە خراوەتەخوارە و بەسەختی بریندار بووە"

هەروەها لە راگەیەندراوەکەی ئاسایش باس لەوەشکراوە، لە ئێستادا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباران بەردەوامە.

هاوکات لە بەدواداچوونێکی ئالان زەندی، رۆژنامەنووس لە کوردستان24، ئەو کچەی لەو باڵەخانەیە کەوتووەتە خوارەوە لە نەخۆشخانە بەهۆش خۆی هاتووەتەوە و ناوی یەکێک لەو تۆمەتبارانەی ئاشکراکردووە کە فڕێیداوەتە خوارەوە و ئێستاش لەژێر چاودێری چڕدایە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن.

دەستگیرکراوەکان دوو کەسی دیاری نێو سۆشیال میدیان و بە مەبەستی ئامادەبوون لە دانیشتنە ئاهەنگێکی گۆرانی، بانگهێشتی ئەو کچەیان کردووە کە هاوڕێی خۆیان بووە و دواتر بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵی و کێشە لەژێر کاریگەری خواردنەوەی ماددە کحولییەکان، ئەو کچە لە باڵەخانەکە فڕێدەدەنە خوارەوە و بە سەختی بریندار دەبێت.