وۆڵستریت جۆرناڵ: بەهۆی هەڕەشەی ئێران ئەمریکا فڕۆکەکانی لە بنکەی میڵدنهۆڵی بەریتانیا گواستەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند؛ ئەمریکا بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران، فڕۆکە سەربازییەکانی لە بنکەی ئاسمانیی مێڵدنهۆڵ لە بەریتانیا کشاندەوە.
بەرپرسانی ئەمریکا هێشتا تاوتوێی وردەکاریی هەڕەشەکە دەکەن، کە ئایا دەستبەجێیە یان هەڕەشەیەکی گشتییە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی چاودێریی هێڵەکانی فڕین و پشتڕاستکردنەوەی بەرپرسێکی ئەمریکی، دوو فڕۆکەی سووتەمەنیبەخشی سوپای ئەمریکا لەو بنکەیەوە ئاراستەی فڕینیان بەرەو ئەڵمانیا گۆڕی. دواتریش چەندین فڕۆکەی هاوشێوە بەرەو ئەڵمانیا و بنکەکانی دیکە گوازرانەوە.
هێزەکانی ئەمریکا ئاستی هۆشداریی ئەمنییان لە هەردوو بنکەی "مێڵدنهۆڵ و لەیکنهیس" بۆ ئاستی (FPCON Charlie) بەرزکردەوە. ئەم ئاستە کاتێک پەیڕەو دەکرێت کە زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژە بە ئەگەری روودانی هێرش یان کردەوەیەکی تیرۆر بکەن. بنکەی لەیکنهیس داوای لە هاووڵاتییان کرد، لە کاتی بینینی هەر درۆنێکی گوماناویدا لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.
ئەم جووڵە سەربازییە دوای ئەوە دێت کە مانگی رابردوو واشنتن بەهۆی نیگەرانی لە پلانێکی بەستراو بە ئێران بۆ بەئامانجگرتنی فڕۆکەوانان و فڕۆکەکان لە رێگەی درۆنەوە، هەر 12 بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکەی لە جۆری (B-1) لە بنکەی فێرفۆرد لە بەریتانیا کشاندەوە. تاران ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە مەترسییەکان، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "ئێمە لە رێگەی دوورخستنەوەی کارمەندانمان لە سەرچاوەی هەڕەشەکە مامەڵەمان لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە". سەرکردەکانی کۆنگرێس - کە بە دەستەی هەشت ناسراون - لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لە وردەکاریی هەڕەشەکانی ئێران ئاگادار کرانەوە.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تاوتوێی لێدانی زیاتر لە پێگەکانی ئێران دەکات و تاران هۆشدارییداوە لەوەی هەر کاردانەوەیەکی بۆ هێرشەکانی ئەمریکا، سنووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەپەڕێنێت.
سەرەڕای ئەمەش، ترەمپ دوێنێ دووشەممە رایگەیاند، گەڕانەوە بۆ شەڕ لەگەڵ ئێران کارێکی "دوور لە پێشبینییە" و لەم قۆناغەدا گرتنەبەری رێوشوێنی سەربازی پێویست نییە، بەتایبەت لە سایەی پێشکەوتنی دانوستانەکان و خواستی هاوپەیمانان بۆ بەردەوامیدان بە گەمارۆی بازرگانی لەسەر تاران.
سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە، سوپای وڵاتەکەی بۆ هەر ئەگەرێک و لە ئەگەری گۆڕانی دۆخەکەدا بە تەواوی ئامادەیە (Locked and Loaded).