فاینانشیاڵ تایمز: ناتانیاهۆ فشار بۆ ترەمپ دەهێنێت بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی جەنگی ئێران
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژانە پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە دەکات، بۆ ئەوەی هانی بدات جەنگ دژی ئێران دەستپێبکاتەوە.
رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" لە زاری دیپلۆماتکارێکی نەناسراو بڵاویکردەوە، ناتانیاهۆ بەردەوام گوشار دەخاتە سەر ترەمپ بۆ ئەوەی هێرشێکی نوێ بکات، لە کاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئێستا هیچ پلانێکی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران نییە. ئەم هەوڵانەش نیگەرانیی سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی لێکەوتووەتەوە، کە هەوڵی رێگریکردن لە نوێبوونەوەی پێکدادانەکان دەدەن.
ئەو دیپلۆماتکارە گوتی: "ناتانیاهۆ هەموو رۆژێک پەیوەندی پێوە دەکات بۆ ئەوەی هانی بدات جەنگ دەستپێبکاتەوە. ئەو کەسانەش لەناو کۆشکی سپی و دەرەوەی کە نایانەوێت جەنگ رووبدات، هەوڵ دەدەن بەرەنگاری ئەو فشارانە ببنەوە. سەرکردەکانی ناوچەکەش داوای لێ دەکەن پەرە بە ئاڵۆزییەکان نەدات و ئەولەویەت بدات بە دانوستان".
دوێنێ دووشەممە 9ـی تشرینی دووەم، ترەمپ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد عەبدولرەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، جەنگی دژی ئێران لە رووی سەربازییەوە بە کردەیی کۆتایی هاتووە. سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە هەر هێرشێکی نوێ لە کاتی ئێستادا دوادەخات، بەڵام گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بەردەوام دەبێت و ئامادەن بۆ هەر جووڵەیەکی نوێ ئەگەر بارودۆخەکە گۆڕانی بەسەردا بێت.
هەروەها ترەمپ روونیکردەوە، چەند وڵاتێکی ناوچەکە، لەنێویاندا سعوودیە، قەتەر و ئیمارات داوایانکردووە خۆیان لە پەرەسەندنەکان بەدوور بگرن. هاوکات دەوحە بەردەوامە لە نێوەندگیرییەکانی نێوان واشنتن و تاران، لە کاتێکدا ناکۆکی لەبارەی هەڵگرتنی گەمارۆکان، گەمارۆ ئابوورییەکان و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەردەوامە.
لە بەرامبەردا، دوێنێ دووشەممە، ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران ئامادەیی خۆی نیشانداوە لە ماوەی دوو رۆژدا دانوستانەکانی ئاشتی دەستپێبکاتەوە، بە مەرجی هەڵگرتنی گەمارۆکان، گەمارۆکانی ئەمریکا و راگرتنی کردەوە سەربازییەکان، بەڵام واشنتن ئەو مەرجانەی ئێرانی بە "بێبنەما" وەسفکرد.
سەرەڕای هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری میدیاکانی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە هێرشکراوەتە سەر دوورگەی قشم، بەڵام لایەنی ئەمریکی ئەمەی پشتڕاست نەکردەوە.
پێشتریش ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە 1ـی تشرینی دووەم بڵاویکردبووەوە، ناتانیاهۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە 31ـی تشرینی یەکەم داوای لە ترەمپ کردبوو، دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا لە 3ـی تشرینی دووەم هێرشەکان دەستپێبکاتەوە، بەڵام ترەمپ پێی باشبوو دەرفەتی زیاتر بە دانوستانەکان بدات.
لەلایەکی دیکەوە لە مۆسکۆ، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە 2ـی تشرینی دووەم، هۆشداریدا لە مەترسیی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێ دژی ئێران.
هەروەها لە 5ـی تشرینی دووەم، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەگەڵ موحسین رەزایی، بەرپرسی ئەمنیی ئێران، پرسی ئاسایشی ناوچەکە و رێکارەکانی قۆناخی دوای جەنگیان تاوتوێکرد.
ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتەوە دەستیان بە هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لە ئێران کردبوو، تارانیش بە هێرشی پێچەوانە وەڵامیدایەوە. سەرەڕای کەمبوونەوەی پێکدادانە بەرفراوانەکان، ناکۆکییەکان هێشتا بەبێ چارەسەرێکی کۆتایی ماونەتەوە.