عەبدولحەکیم خەسرەو: کۆڕبەندی مێپس پێشنیاز بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەخاتەڕوو
K24 - هەولێر
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون رایدەگەیەنێت، لە کۆڕبەندی مێپس 2023، گفتوگۆ لەسەر ژمارەیەک کێشەی زۆر گرنگ دەکرێت و پێشنیاز بۆ چارەسەرکردنیان دەخرێتەڕوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-11-2023، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بەڕێوەچوونی چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک، رایگەیاند، "هەندێک كێشەی زۆر گرنگ هەن کە پێویستە لەم کۆڕبەندەیەدا قسەیان لەسەر بکرێت؛ بەشێکیان پەیوەستن بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێکی دیکەشیان پەیوەستن بە عێراق".
گوتیشی، "کێشەیەکی دیکە کە پێویستە قسەی لەسەر بکرێت، ژینگە و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایە، کە کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە و لەوانەیە لە داهاتووتدا ببێتە بەشێک لە ململانێ و ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان".
عەبدولحەکیم خەسرەو گوتیشی، "ئەم کۆڕبەندە و ئەو پانێلانەی دەسنیشانکراون بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، دەکرێت بەرچاوڕوونی بدەنە بڕیار بەدەستان بۆ ئەوەی بەشێک لەو کێشانەی ئێستا هەن چارەسەربکرێن".
بە گوتەی عەبدولحەکیم خەسرەو، "عێراق، هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بارودۆخێکی زۆر سەخت و گۆڕانکاریدان. بۆیە ئەم کۆڕبەندە گرنگە بۆ ئەوەی بەشێک لەم کێش و ئاڵۆزییانە چارەسەربکرێن".
دامەزراوەی کوردستان24 سپۆنسەری میدیایی چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023) دەکات کە لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت.
زیاتر لە 300 کەسایەتی سیاسی، ئەکادیمی، ئەمنی و شارەی ئابووری و تەکنەلۆژیا و بوارە جیاوازەکان لە 80 وڵاتەوە بەشداری لە کۆڕبەندەکەدا دەکەن.
دامەزراوەی کوردستان24 لە شاشەی کەناڵەکەی و ماڵپەڕ و سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، رووماڵی پانێل و دانیشتنەکانی ئەو کۆڕبەندە دەکات و زانیاری و گفتوگۆکان، راستەوخۆ بۆ وەرگرانی دەگوازێتەوە و لە هەڵوێست و ئاڵوگۆڕی زانیاری کەسایەتییە بەشدارەکانی کۆڕبەندەکە ئاگاداریان دەکاتەوە.
کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکدەخرێت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئەمساڵیش چوارەمین کۆڕبەند بەڕێوەدەچێت.
لە کۆڕبەندەکەدا چەندین پانێل بەڕێوەدەچن کە تایبەتن بە ئەجێندای چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بریتی دەبێت لە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئالنگاری ئەمنی، ئابووری و سیاسی، بارودۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانەکانی کەشوهەوا و رووبەرووبوونەوەی ئالنگارییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان.