تا ئێستا دوو هه‌زار و 640 كوردی ئێزیدی له‌ ژێر ده‌ستی داعش رزگاركراون

نزیكه‌ی 400 هه‌زار كه‌س ئاواره‌ بوونه‌

K24 – هه‌ولێر

به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی كاروباری ئێزیدییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی له‌ دووه‌مین ساڵیادی كاره‌ساتی شنگال رایگه‌یاند تا ئێستا سێ هه‌زار و 764 هاوڵاتی ئێزیدی له‌ژێر ده‌ستی رێكخراوی داعش ماون و ته‌نیا دوو هه‌زار و 640 كه‌س رزگاركراون.

به‌پێی به‌یاننامه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئێزیدییه‌كان، له‌ سه‌ره‌تای هێرشی داعش بۆ سه‌ر شنگال له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئابی 2014، به‌ گشتی 6404 كه‌س كه‌وتنه‌ به‌ر ده‌ستی داعش، كه‌ 3538 كه‌سیان ژن و كچن. 2866 كه‌سی دیكه‌ له‌ ره‌گه‌زی نێرن. ژن و كچانی رفێندراو به‌ ئاشكرا فرۆشراون.

هه‌روه‌ها نزیكه‌ی 1200 كه‌سیش شه‌هید بوونه‌.

 له‌كۆی دوو هه‌زار و 640 رزگاركراو، 953 كه‌سیان ژن و كچن و 32 دیكه‌ پیاون. هه‌روه‌ها 684 كه‌سی تر منداڵی له‌ ره‌گه‌زی نێرن و 757 تریش منداڵی كچن.

له‌ كۆی سێ هه‌زار و 764 كه‌سی كه‌ هێشتا له‌ژێر ده‌ستی داعشدا ماون، هه‌زار و 914 كه‌سیان له‌ ره‌گه‌زی مێن و هه‌زار و 850 كه‌سی دیكه‌ له‌ ره‌گه‌زی نێرن.

نزیكه‌ی 340 هه‌زار كه‌س له‌ شنگال ئاواره‌ بوونه‌. نزیكه‌ی 60 هه‌زار كه‌سی تر باشیك و به‌حزان و ناوچه‌كانی تر ئاواره‌ بوونه‌، كه‌ رێژه‌ی هه‌ره‌ زۆریان له‌ هه‌رێمی كوردستانن و هه‌ندێكێشیان بۆ رۆژئاوای كوردستان و باكووری كوردستان چوونه‌.

رێكخراوی داعش نزیكه‌ی 64 مه‌زارگه‌ و په‌رستگاكانی ئێزیدیان له‌ناو بردووه‌، ته‌واوی شارۆچكه‌ و ناحیه‌ و گونده‌كانی داگیركراویشیان تاڵان كردووه‌.

حوسین كورۆ به‌ڕێوەبەری نووسینگەی رزگارکردنی كوردانی ئێزدی له‌ دهۆك رایگه‌یاند نزیکەی هەزار و 400 منداڵ لە سەربازگەكانی داعش له‌ رەققە، تەلەعفەر و موسڵ مەشق و راهێنانیان پێ دەکرێت.

كورۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی دوو هه‌زار و 745 منداڵ به‌ بێ دایك و باوك ماونه‌ته‌وه‌، زیاتر له‌ 30 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ ته‌نیا له‌ناوچه‌كانی رزگاركراو دۆزراونه‌ته‌وه‌.

هه‌ر له‌ دووه‌مین ساڵیادی كاره‌ستان شنگال، بنكه‌ی لالش له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ره‌خنه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانی جیهان گرت كه‌ وه‌ك پێویست یارمه‌تی شنگال و هاوڵاتیانی كوردی ئێزیدییان نه‌داوه‌، كه‌ پێشتر به‌ڵێنیان دابوو.