هەڤاڵ ئەبوبەکر: سبەی لە پارێزگای سلێمانی پشووی فەرمییە

شاری سلێمانی
شاری سلێمانی

K24 – هەولێر:

پارێزگاری سلێمانی، رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی سبەی ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ هەیە، لەسەر راوێژ و بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندییدارەکان و پارێزگاکان سبەی لە پارێزگای سلێمانی پشووی فەرمییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (19ـی تشرینی دووەمی 2023) هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە میانەی راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، "بەپێی ئەو پێشبینیی و ئاماژانەی لە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێمانگەیشتوون؛ ئەگەری بارانی زۆر و بەخوڕ هەیە، هەموو فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی سنووری پارێزگای سلێمانیمان راسپاردووە وەک هەمیشە؛ لە خزمەتی هاووڵاتیاندا دەبن".

ئاماژەی بەوەشکرد، "دەسەڵاتمان بەخشیوەتە هەموو سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگاکەمان؛ کە لە هەر دۆخێکی پێویستدا، بەپێی تایبەتمەندیی ناوچەکەیان و ئەو دۆخانەی دێنە پێشەوە، بە ڕاوێژ و هەماهەنگیی لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنورەکەیاندا؛ بڕیاری پێویست لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بدەن".

پارێزگاری سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات، هاوکار و هەماهەنگی فەرمانگە و تیمە خزمەتگوزاریی و فریاگوزارییەکانبن و پابەندی رێنماییەکانی شارەوانیی و هاتوچۆو بەرگریی شارستانیی و لایەنە پەیوەندیدارە فەرمییەکانیتربن.

هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتیشی: لەسەر راوێژو بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و پارێزگارەکان؛ سبەی لە پارێزگای سلێمانی پشووی فەرمیی دەبێت.