ماکرۆن بۆ ناتانیاهۆ: ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە زۆر بەرزبووەتەوە
K24 - هەولێر
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا بنیامین ناتانیاهۆی ئاگادار کردەوە، کە ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە زۆر بەرزە، گوتیشی: پێویستە حەماس لەگەڵ دانیشتووان جیا بکرێنەوە.
سەبارەت بە دۆخی کەرتی رۆژئاوای غەززە، ماکرۆن "نیگەرانی خۆی دەربڕی لە پەرەسەندنی توندوتیژییەکان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی فەڵەستینی" داواشی کرد، "هەموو شتێک بکرێت بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی ئەم کردەوە توندوتیژیانە و پاراستنی هاووڵاتیان ".
رۆژی یەکشەممە، فەرەنسا رایگەیاندبوو، پاکێجێکی نوێی یارمەتی مرۆیی بۆ غەززە دەنێرێت و تا 50 منداڵی کەرتی فەڵەستین لە نەخۆشخانەکانی فەرەنسا چارەسەر دەکات، ئەمەش بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستی فەڵەستینە کە ماوەی 44 رۆژە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس سەری هەڵداوە.
سەرۆکایەتی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پشتگیری خۆی بۆ فراوانکردنی بازنەی کارە مرۆییەکانی فەرەنسا بۆ بەرژەوەندی خەڵکی مەدەنی لە غەززە دووپاتکردەوە".
لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، کە بههۆیهوه زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران، زیاتر لە 240 کەسیش لای حهماس بە بارمتە دەستگیرکراون، لە هێرشەکانی ئیسرائیلیشدا زیاتر لە 13 هەزار هاووڵاتی سڤیل له غهززه کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.