دەیڤد رۆمانۆ: ئەو ماددانەی لە دەستووری عێراقدا پەیوەندییان بە کوردستان هەیە جێبەجێنەکراون

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری بەشی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی میسۆری، دەڵێت: عێراق هەمیشە بە ئەقڵیەتێکی ناوەندی مامەڵە دەکات و بڕوای فیدراڵیزیم نییە. گوتیشی: : ئەو ماددانەی لە دەستووری عێراقدا پەیوەندییان بە کوردستان هەیە جێبەجێنەکراون.
دەیڤد رۆمانۆ، بەڕێوەبەری بەشی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی میسۆری، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "چەندین هۆکاری جیاواز هەن کە وایکردووە کە ئاشتی نەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کێشەی هاوبەشیپێکردنی دەسەڵاتمان هەیە لەنێوان کوردستان و کۆمەڵگەکانی دیکە لە تەواوی عێراق، ئیمە کێشەمان هەیە لەسەر کارکردن بەیەکەوە لەنێو وڵاتەکەدا، کاتێک دەبینی بەغدا هەوڵدەدات دەسەڵات بە ناوەندی بکات چونکە متمانەیان بە کۆمەڵگەکانی دیکە نییە".
هاوکات راشیگەیاند، عێراق هەرگیز ئەقڵییەتی فیدراڵیزمی جێبەجێنەکردووە، عێراق لەوە نیگەرانە کە دەڵێن، "هەرچییەک بۆ کوردەکان بکەین هەر دەیانەوێت لە ئێمە جیاببنەوە و دەوڵەتی کوردی دروستبکەن"، هەروەها لەنیوان هەرێمی کوردستان و عێراق کێشەی نەبوونی متمانە هەیە.
بەڕێوەبەری بەشی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی میسۆری، دەڵێت: هەندێک لایەنی سیاسی لە بەغدا لەژێر هەژموونی ئێرانییەکاندان، بڕیاریانداوە ئەتۆنۆمی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر لاواز بکەن تا خاڵێک کە فیدراڵیزم دەبێتە شتێکی بێ مانا.
لەبارەی دادگای فیدراڵی، دەیڤد رۆمانۆ گوتی: ئەو دادگایە بەگوێرەی دەستوور ئاماژەی پێنەدراوە، هیچ ئەنجوومەنێکی فیدراڵیمان نییە کە پێویست بوو دەنگی ناوچەکە بێت، لە عێراق یەک هەرێم هەیە بەڵام پێویست بوو هەرێمی زیاتر هەبێت، هەروەها ئەو ماددانەی لە دەستووری عێراقدا پەیوەندییان بە کوردستان هەیە جێبەجێنەکراون.
بەڕێوەبەری بەشی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی میسۆری، ئاماژەی بەوەدا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شاهێدی جەنگی زۆر بووە، لە ئەوروپا جەنگی جییهانی دووەمان هەبووە و داگیرکاری ئۆکرانیمان بینوە، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەنگ زیاتر روودەدات.