تەقتەق.. شانۆگەریی "وڵاتەکەم" نمایشکرا
شانۆگەریی "وڵاتەکەم"، لە دەرهێنانی نەوزاد جەوادە، بە زمانی تەنز و کۆمیدیا، باس لە بارودۆخی ئێستای وڵات، کێشە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و نیشتمان دەکات، لە تەقتەق نمایشکرا.
پێنجشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2026، نەوزاد جەواد، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "چیرۆکی نمایشەکە دەربارەی کوردستانە، کە لە دڵی هاووڵاتیانی جێگایەکی تایبەتی هەیە. لە ڕێگەی گفتوگۆ و دۆخە کۆمیدییەکانەوە، لەرێگەی ئەو شانۆگەرییەوە جەخت لە خۆشەویستیی وڵات و پاراستنی دەکەینەوە."
نەوزاد جەواد سەبارەت بە پەیامی نمایشەکە گوتی، "لە پەیامی سەرەکیی نمایشەکەدا، خۆشەویستیی نیشتمان بە مانای پشتگوێخستنی کەموکوڕییەکان نییە، بەڵکو مرۆڤ دەتوانێت رەخنە رەخنە بگرێت، بەڵام هێشتا خۆشەویستییەکی قووڵی بۆی هەبێت و رازی نەبێت کەس دەستی بۆ درێژ بکات یان ئارامی و سەقامگیریی تێک بدات."
ئەو دەرهێنەرە باسی لەوەش کرد، "لە رێگەی ئەو نمایشەوە هەوڵ دەدەین ئەو دووانەییە بخەینە روو کە زۆرجار لە ناخی مرۆڤدا هەیە؛ لە لایەکەوە ئارەزووی ژیانێکی باشتر و لە لایەکی دیکەشەوە خۆشەویستی و دڵبەستەیی بە خاک و نیشتمان. پێکەنین لە نمایشەکەدا تەنیا ئامانج نییە، بەڵکو رێگایەکە بۆ گەیاندنی پەیام و هاندانی بینەر بۆ بیرکردنەوە لەو پرسیارانەی کە نمایشەکە دەیانخاتە روو."
سەبارەت بە گرنگیی نمایشەکە و تایبەتمەندییە قوڵەکەی، نەوزاد جەواد دەڵێت، "بەڵام لەگەڵ ئەوەی نمایشەکە بە تەنز و کۆمیدیا توانیوێتی پەیامی سەرەکیی خۆی بگەیەنێت، یەکێک لەو خاڵانەی پێویستی بە گرنگیدانە، قووڵترکردنەوەی هەندێک لە دۆخە دراماتیکییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان کارەکتەرەکانە، بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکانی چیرۆک و گواستنەوە لە ساتە کۆمیدییەکانەوە بۆ ساتە جدییەکان، بە کاریگەرییەکی زیاتر بگەنە بینەر. هەروەها، پەرەپێدانی وردەکارییەکانی دەرهێنان و قووڵترکردنەوەی هەندێک لە گفتوگۆکان دەتوانێت پەیامی نمایشەکە زیاتر بەهێز بکات."
ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوەش دا، "ئەو نمایشە بە هەڵبژاردنی بابەتێکی نزیک لە ژیانی هاوڵاتی و تێکەڵکردنی تەنز، رەخنە و خۆشەویستیی نیشتمان، هەوڵێکە بۆ ئەوەی لە رێگەی شانۆوە گفتوگۆیەک لەبارەی وڵات، بەرپرسیارێتیی تاک بەرامبەری دروست بکات؛ چونکە خۆشەویستیی وڵات تەنیا لە ستایشکردنیدا نییە، بەڵکو لە ناسینەوەی کێشەکانی و هەوڵدان بۆ باشترکردنی داهاتووشدایە."
شانۆگەریی "وڵاتەکەم"، لە نووسینی شانۆنووسی گەورەی سووری، محەمەد ماغوتە و لە دەرهێنانی نەوزاد جەودە، چوار ئەکتەر بەشدارییان لە نمایشەکەدا کردووە و رۆڵیان گێڕاوە وەکو، نەوزاد جەواد، سەودایی، دڵزار فایەق و سەدرەدین سەعدوڵڵا.