وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا کوژرانی دوو کارمەندی  لە کوەیت پشتڕاست دەکاتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا پشتڕاستیکردەوە، دوو هاووڵاتیی ئیتاڵی بۆ کۆمپانیای بەرگریی راینمێتاڵ کاریان دەکرد، لە کوەیت بەهۆی تەقینەوەی درۆنێکی ئێرانی گیانیان لەدەستداوە.

پێنجشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2026، بەرپرسانی ئیتاڵیا رایانگەیاند، ئەو کارمەندانەی راینمێتاڵ ئیتاڵیا خەریکی چاککردنەوەی ئەنتێنەکانی دۆزینەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سکایگارد بوون لە کاتێکدا هێرشەکە روویدا.

پێشتر لە هەمان رۆژدا، عەقید سەعوود عەتوان، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوەیت رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی کوەیت چەند درۆنێکی  دوژمنیان  لە ئاسمانی وڵاتەکەدا دۆزیوەتەوە و رووبەڕوویان بوونەتەوە. هاوکات هێرشەکەی بە دەستدرێژیی ئێران ناوبرد، شوێنێکی ستراتیژی کردووەتە ئامانج و بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پارچەی تەقینەوەکان چوار کەس بریندار بوون.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوەیت روونیکردەوە، بریندارەکان بریتین لە هاووڵاتییەکی کوەیتی، هاووڵاتییەکی پاکستانی و دوو ئیتالی. سەرجەم بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کراون. کوەیت پشتڕاستیکردەوە، دوو قوربانییە ئیتالییەکە بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە.

راشیگەیاند،لە بارەی رووداوەکەوە ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا چاودێریی دۆخەکە دەکات و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییەکان کرد. وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، باڵیۆزخانەی ئیتالیا لە کوەیت لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ بەرپرسانی خۆجێیی بۆ چاودێریکردنی پێشهاتەکان و پێشکەشکردنی زانیارییە پێویستەکان بە بنەماڵەی هاووڵاتییە ئیتالییەکان.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوەیت لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، وەزارەت سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی هەردوو کۆچکردووەکە دەکات و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکانی دیکەش دەخوازێت.