هاکان فیدان: وەزیرانی دەرەوەی 7 وڵات سەبارەت بە دۆخی غەززە لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە
K24 - هەولێر
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی حەفت وڵات گروپێکی پەیوەندییان سەبارەت بە دۆخی کەرتی غەززە پێکهێناوە و بەنیازن لە چوارچێوەی گەشتێکی دیپلۆماسی سەردانی مۆسکۆ بکەن.
رۆژنامەی "Star" لە زاری وەزیری تورکیاوە گوتی: "گروپێکی پەیوەندیدار دامەزرا کە پێکهاتووە لە حەفت وڵات ئەوانیش بریتین لە تورکیا، ئەندەنوسیا، نەیجیریا، ئوردن، میسر، قەتەر و سعوودیە، ئەم گروپە دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی چالاکییەکانی".
هاکان فیدان ئاماژەی بەوەشکرد: "رۆژی دووشەممە، لیژنەکە لە وڵاتی چین بووە، ئەمڕۆش21ـی تشرینی دووەم لە مۆسکۆ دەبێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت: "رۆژی دووشەمە، نەمتوانی لەگەڵ لیژنەکە بچم، چونکە لە پەرلەمان بووم، بەڵام رۆژی سێشەممە، لە گەشتەکانی داهاتووی لیژنەکەدا لەوێ دەبم".
هەروەها وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان، رۆژی چوارشەممە گەشتی لەندەن و پاریس دەکات بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی گروپی پەیوەندی.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاندبوو، کە راوێژکاری سیاسی لە نێوان تورکیا و رووسیا لە مۆسکۆ لە 21ـی ئەم مانگە لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوە ئەنجام دەدرێت.