وەزیری سامانە سرووشتییەکان: پێشبینی دەکەم پێش کۆتایی ئەمساڵ نەوتی کوردستان هەناردەبکرێتەوە

کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت)
کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت)

K24 - هەولێر

وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) رایدەگەیەنێت، "پێشبینی دەکەم پێش کۆتایی ئەمساڵ نەوتی کوردستان هەناردەبکرێتەوە و بۆ ئەم مەبەستە کۆتایی ئەم مانگە شاندێکی حکومەت دەچێتە بەغدا".

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 21-11-2023، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) لەکاتی بەشداریکردنی لە  کۆڕبەندی مێپس 2023، لە دهۆک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هەوڵەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان".  

کەمال محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، "تورکیا و عێراق ئامادەیی خۆیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەربڕیوە، تاکە کێشەی بەردەم دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە، تێچووی دەر‌هێنان و بەرهەمهێنانی نەوتە  و کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش دەکرێت".

بە گوتەی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، "کۆتایی ئەم مانگە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، سەردانی بەغدا دەکات". گوتیشی، "پێشبینی دەکەم پێش کۆتایی ئەمساڵ نەوتی کوردستان هەناردەبکرێتەوە".

وەکو ئەوەی کەمال محەممەد ساڵح ئاماژەی پێ دا، "راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بە بڕی زیاتر لە 7 ملیار دۆلار زیانی ئابووریی عێراق گەیاندووە".

 

 

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 9:00 چالاکییەکانی رۆژی دووەمی، چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس) دەستیانپێکرد. 

ئەمڕۆ لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک، ژمارەیەک سیاسەتمەداری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وەک قسەکەر بەشداری لە پانێلەکان دەکەن.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە پانێلی سێیەمی رۆژی دووەمی کۆڕبەند، باس لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، پانێلەکە لەلایەن مریەم موشیری، رۆژنامەنووسی بەنێوبانگی BBC بەڕێوەدەبرێت.

دوێنێ دووشەممە، 20-11-2023، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 300 سەرکردە، سیاسەتمەدار و ئەکادیمی و پسۆڕ لە بوارە ئابووری و ئاسایش لە 80 وڵات دەستیپێکرد.

کۆڕبەندی مێپس، کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکخراوە، چوارەم ساڵە بووەتە سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی سەرکردە و سیاسەتمەدارانی ناوچەکە و جیهان، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن و بۆ چارەسەرکردنیان پێشنیاز بخەنەڕوو.

دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە شاشەی کەناڵەکەی، ماڵپەڕ و سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، رووماڵی پانێل و دانیشتنەکانی ئەو کۆڕبەندە دەکات، زانیاری و گفتوگۆکان، راستەوخۆ بۆ وەرگرانی دەگوازێتەوە.

زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، لە ساڵی 2014 دامەزراوە و لە چەندین بەشی جیاواز پێکدێت وەک: بازرگانی کار، زانستی کۆمپیوتەر، دیزاینی ناوخۆ، سیاسەتی گشتی، میدیا، و پەیوەندییەکان.

زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بڕوانامەکەی متمانە پێکراوە و یەکێکە لە زانکۆ ئاست بەرز و ناسراوەکانی عێراق و ناوچەکە.

زمانی خوێندن لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک ئینگلیزیە و بە سیستمی "هونەری ئازاد" قوتابیانی پەروەردە دەکات، کە بریتیە لە پێشکەشکردنی چەندین کۆرسی جۆراوجۆر لە زانستە مرۆڤایەتی و سرووشتییەکان بە قوتابی، پێش ئەوەی لە شارەزایەکیی دیاریکراودا دەست بەخوێندن بکات. ئەم جۆرە سیستمە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بڵاوی پەیڕەو دەکرێت.