ئاگربەستی شەڕی غەززە رادەگەیەندرێت
K24 – هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس رادەگەیەندرێت و پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیل و بارمتەکان دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22/11/2023، لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاشکرای کرد، کە بە هاوبەشی لەگەڵ میسر و ئەمەریکا سەرکەوتوو بوونە لەنێوەندگیری بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەنێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ئاگربەستی مرۆیی و گۆڕینەوە دیل و بارمتەکان.
وەک لە راگەیەندراوەکە ئاماژەی پێکراوە، رێککەوتنەکە لە قۆناغی یەکەمدا بریتییە لە ئاڵوگۆڕی 50 ژن و منداڵی مەدەنی لە کەرتی غەززە، لە بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک ژن و منداڵی فەڵەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیل دەستبەسەرکراون.
ئەوەشخراوەتەڕوو، لە قۆناغی داهاتوودا ژمارەیەکی دیکەی دیل و بارمتەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەو ئاگربەستە رێگە بە چوونە ژوورەوەی ژمارەیەکی زیاتری کاروانی مرۆیی و هاوکاری فریاگوزاری دەدات بۆ کەرتی غەززە، لەنێویاندا سوتەمەنی دیاریکراو بۆ پێداویستییە مرۆییەکان.
پێشتر رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردبووەوە، ئەو رێککەوتنە بە هاوکاری ئەمەریکا دەکرێت و بەگوێرەی رێککەوتنەکە بۆ ماوەی پێنج رۆژ، ئیسرائیل هێرشەکانی رادەگرێت، لە چەند رۆژی داهاتووشدا رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت.
شەڕی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، دواتر سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد، بەگوێرەی دوایین ئامار ژمارەی کوژراوانی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە 13 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و زیاتر لە 30 هەزار کەسی دیکەش برینداربوونە. هەر بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران،و زیاتر لە 240 کەسیش لای حهماس بە بارمتە دەستگیرکراون.