بایدن پێشوازی لە رێککەوتنەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات
K24 - هەولێر
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا پێشوازی لە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دەستگیرکراوانی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس کرد کە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، رەزامەندیی لەسەر درا و رایگەیاند، کە "بەتەواوی رازییە" لێی و ستایشی هەوڵەکانی نێوەندگیری کرد کە لەلایەن میسر و قەتەرەوە ئەنجامدراون.
کۆشکی سپی لە زاری بایدن لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "سوپاسی میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر دەکەم بۆ سەرکردایەتی و هاوبەشی کردنییان لە گەیشتن بەم رێککەوتنە".
جەختیشی کردەوە، گرنگە هەموو لایەنەکانی رێککەوتنەکەی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بە تەواوی جێبەجێ بکەن و گوتی: بەمەش بارمتەی ئەمەریکی زیاتر دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان و ڕاشیگەیاند، "نان ناخۆم تا هەموویان ئازاد نەکرێن".
لەلایەکی دیکەوە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند، حکومەت لەبەرژەوەندی رێککەوتنی ئازادکردنی بەشێک لە بارمتەکانی غەززە دەنگی دا. گوتیشی: لەدوای چوار رۆژی ئاگربەستدا 50 ئافرەت و منداڵ ئازاد دەکرێن.
رۆژنامەی هارتس، لەسەر زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی رایگەیاند کە دەڵێت: بەگوێرەی رێککەوتنەکە 30 منداڵ و هەشت دایک و 12 ئافرەت لە لایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن، لەبەرامبەردا ئیسرائیل دەبێت 150 دەستگیرکراو کە لەزیندانەکانی ئیسرائیلدایە ئازاد بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، قەتەر سەرکەوتنی هەوڵەکانی نێوەندگیری هاوبەشی لەگەڵ میسر و ئەمەریکا لە نێوان ئیسرائیل و حەماس راگەیاند، کە لە ئەنجامدا گەیشتنە رێککەوتنی ئاگربەستی مرۆیی.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەماوەی 24 کاتژمێردا کاتی دەستپێکردنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل رادەگەیەنرێت و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، بە مەرجی درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستە.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، رێککەوتنەکە بریتییە لە "ئاڵوگۆڕی 50 ژن و منداڵی مەدەنی زیندانی کە لە کەرتی غەززە لە قۆناغی یەکەمدا لە بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک ژن و منداڵی فەڵەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیل دەستبەسەرکراون، بە مەرجێک ژمارەی ئازادکراوەکان لە قۆناغەکانی دواتری جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدا زیاد دەکرێن".
ئاماژە بەوەشکراوە: "ئەو ئاگربەستە رێگە بە چوونە ژوورەوەی ژمارەیەکی زیاتری کاروانی مرۆیی و هاوکاری فریاگوزاری دەدات، لەنێویاندا سووتەمەنی دیاریکراو بۆ پێداویستییە مرۆییەکان".
لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، کە بههۆیهوه زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران، زیاتر لە 240 کەسیش لای حهماس بە بارمتە دەستگیرکراون و ههروهها زیاتر لە 12 هەزار هاووڵاتی سڤیل له غهززه کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.