میدیاکانی ئیسرائیل چۆنیەتی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان ئاشکرا دەکەن

K24 - هەولێر

 میدیاکانی ئیسرائیل زانیارییان سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆت، حەماس لەم قۆناغەدا 30 منداڵ و 8 دایک و 12 ئافرەتی دیکە ئازاد دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئێوارەیەک ئیسرائیل لیستی ئەو زیندانییانە وەردەگرێت کە رۆژی دواتر ئازاد دەکرێن و و پێشوەختە رێکدەکەون لەسەر ئازادکردنی نزیکەی 300 زیندانی فەڵەستینی، بۆ ئەوەی خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئازادکردنی 100 زیندانی ئیسرائیلی لە قۆناغی دووەمدا، هەرچەندە چاوەڕوان دەکرا ژمارەکە لەنێوان 50 بۆ 70 کەس بێت.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، حەماس هەوڵدەدات، لە رۆژانی ئاگربەستەکەدا، شوێنی ئەو بارمتانە دیاری بکات، کە لە قۆناغەکانی داهاتوو ئازاد دەکرێن.

راشیگەیاند، لە دانیشتنی حکومەتدا زۆرینە دەنگیان بە پەسەندکردنی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ حەماس داوە، هاوکات پارتی "هێزی جوولەکە" بە سەرۆکایەتی ئیتیمار بن غەڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی و پارتی زایۆنیزمی ئایینی بە سەرۆکایەتی بێزالیل سمۆتریچ، دژایەتی رێکەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ حەماس دەکەن.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا پێشوازی لە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دەستگیرکراوانی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس کرد کە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، رەزامەندیی لەسەر درا و رایگەیاند، کە "بەتەواوی رازییە" لێی و ستایشی هەوڵەکانی نێوەندگیری کرد کە لەلایەن میسر و قەتەرەوە ئەنجامدراون.