ئاوارەکانی کەرتی غەززە چیرۆکی سەختی ژیانیان لەژێر بۆردومانەکاندا دەگێڕنەوە

ئاوارەکانی کەرتی غەززە لە کاتی وەرگرتنی شۆربای نیسک
ئاوارەکانی کەرتی غەززە لە کاتی وەرگرتنی شۆربای نیسک

K24 - هەولێر

پاش هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر باڵەخانەیەک، منداڵەکان کەلوپەلی ناوماڵ لە ژێر دارووپەردودا هەڵدەگرنەوە. خێزانەکان لە ریزدا وەستاون بۆ وەرگرتنی کیسە ئاردێک کە لەلایەن کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دابەشدەکرێن، خۆبەخشەکان شۆربای نیسک دەکوڵێنن بۆ ئەوەی ئاوارەکان هەست بە گەرمی بکەن دوای ئەوەی جەستەیان بەهۆی ئاوی بارانەوە تەڕ بووە.

هێشتا ژیان لە کەرتی غەززە بەردەوامە کە شەڕ و ململانێ پێی ناوەتە هەفتەی حەفتەمی، لەگەڵ سەرهەڵدانی دۆخێکی نوێ کە بە وێرانکاری و ئاوارەیی و سەختییەکانی رۆژانە لە گەڕان بەدوای خۆراکدا و هەوڵدان بۆ وشککردنەوەی جەستە و جل و بەرگ لەبەر باران.

لە شاری خان یونس لە باشووری غەززە، کە سەدان هەزار دانیشتووی باکووری کەرتی غەززە بۆ ئەو ناوچەیە هەڵاتوون، لە ترسی بۆردومانەکانی ئیسرائیل، هەندێ کەس دەڵێن: بەهۆی بۆردومانێک کە لەشەودا بۆ سەر باڵەخانەیەک ئەنجامدرا، حەفت کەس گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان منداڵن.

یونس عەبدولهادی، دانیشتوویەکی ناوچەکە کە لەگەڵ کەسانی دیکەدا خەریکی پشکنینی بوون، گوتی: "گۆشتی مرۆڤ لەسەر دیوارەکان و لە شەقامەکانی ئێرەدایە، تاوانی ئەم منداڵانە چییە؟".

ئیسرائیل دەڵێت: هێرشەکانی ژێرخانی حەماس دەکاتە ئامانج و بە پشتبەستن بە زانیاری هەواڵگری دەستیان پێدەکات، ئیسرائیل بزووتنەوەی حەماس بە بەرپرسیار دەزانێت لە گیانلەدەستدانی خەڵکی مەدەنی و دەشڵێت، ئەو گرووپە ئیسلامییە کە بەڵێنیان داوە لەناویان ببەن، خەڵکی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن.

بەڵام ئەم چیرۆکە هیچ کاریگەری لەسەر عەبدولهادی نەبوو، کە توڕەیییەکی زۆری بەرامبەر ئیسرائیل هەڵگرتووە و بە هۆکاری ئەو مردن و نەهامەتیانەی دەزانێت و بە تاوانباریان دادەنێت.

عەبدولهادی گوتیشی: "هەموومان دەکرێینە ئامانج، بۆ هەر کوێیەک بچین دەکرێینە ئامانج، منداڵان، پیاوان، بەساڵاچووان، هەموویان دەکرێنە ئامانج. ئەوان لە شاری غەززە یان هەر شوێنێکی دیکە شوێنمان دەکەون، داوا لە خەڵک دەکەن بڕۆن و دواتر لەسەر رێگا لێیان دەدەن، کە بە سەدان کەسن".

بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە لە بۆردومانێکی چڕێ ئیسرائیلدا، ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان و پیاوانی بەساڵاچوو برینداربوون، کەبەهۆیەوە نەخۆشخانەکانی شارەکانی جەبەلیای باکووری کەرتی غەززە و رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە پڕبوون لەو بریندارانە.

لە شاری رەفەح، کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان بارهەڵگرێکی فریاگوزاری پڕ لە کیسە ئاردەکانیان دابەزاند. خەڵک ئەم جانتایانەیان بە پاسکیل و عەرەبانەکان دەگواستەوە، یان لەسەر پشتیان هەڵدەگرت.

ئەو یارمەتییە خۆراکییانەی کە لە رێگەی دەروازەی سنووریی رەفەحی میسرەوە دەگاتە غەززە، بەشی ئەوە ناکات کە خۆراکی پێویست بۆ هەمووان دابین بکات. ئەم هاوکارییە بە ئامانجی رزگارکردنی ژیانی سەدان هەزار دانیشتووی غەززەیە.

تەغرید جابر، ژنێکی ئاوارەی بەیت حانونە لە باکووری کەرتی غەززە دەڵێت، ئێمە 13 کەسین، ئەم سێ چوار کیسە ئاردەی کە پێمان دەدەن بەشی ئێمە ناکات، جاران هەشت تا 10 کیسەمان وەردەگرت، ئەمە بەس نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەندامانی خێزانەکەی لە چادردا دەژین و لەکاتی بارانباریندا ناتوانن لاشەیان بەوشکی بهێڵنەوە، گوتیشی: منداڵەکان هەست بە سەرمایەکی زۆر دەکەن و لەسەر زەوی پاڵدەکەون و پێویستیان بە بەتانی هەیە، بۆ چەند رۆژێک جگە لە برنج هیچیان نەخواردووە.

جەختیشیکردەوە "ئارد لە هیچ شوێنێکدا نادۆزرێتەوە، 20 رۆژ لەمەوبەر لە باکوورەوە هاتوومەتە دەرەوە و هیچ ئاردێکم نەدۆزیوەتەوە، بڕێک برنجم کڕیوە و لەسەری دەژین".

مونیرە ئەلمیسری دەڵێت: "شۆربای نیسک خواردنێکی ئاسایی بوو کە کەس گرنگی پێنەدەدا، بەڵام ئێستا بۆ ئێمە لە بەرخ باشترە، ئێمە سوپاسگوزارین کە ئێستا شۆربای نیسکمان لەبەردەستە بەهۆی ئەو خۆبەخشانەوە".

حسێن ئەبو ڕەمەزان کە هاوکات ئاوارە بوو، خەریکی ڕێکخستنی چێشتلێنانی شۆرباکە بوو، کە لەسەر ئاگری بێدەنگ لەسەر زەوییەکی تەڕ و خۆڵاوی ئەنجام دەدرا.

گوتیشی: "شۆربای نیسک خواردنێکی تەقلیدییە بۆ فەڵەستینییەکان، کاتێک باران هات کەس لە چادرەکەی سەلامەت نەبوو، باران و سەرما تەنگی بە هەموو کەسێک هەڵچنی بەتایبەت ئەوانەی منداڵ بوون، هەر لەبەر ئەم هۆکارە خۆبەخشەکان دەستیان کردووە بە خزمەتکردن بە شۆربای نیسک، کە خواردنێکی زستانەیە و دەتوانێت مرۆڤەکان گەرم بکاتەوە".

ئەم شەڕە دوای ئەوە سەریهەڵدا کە چەکدارانی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەردا هێرشیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و هەزار و 200 ئیسرائیلییان کوشت و زیاتر لە 240 کەسیشیان بە بارمتە گرت، ئیسرائیلیش وەڵامی هێرشەکەی دایەوە و بە چڕی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد، کە نزیکەی  13 هەزار فەڵەستینی کوژران و زیاتر لە 30 هەزار کەسیش بریندار بوون، ئامارەکەش بەپێی گوتەی بەرپرسانی تەندروستی غەززەیە.