سەرۆکی رێکخراوێکی مەدەنی: لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی زۆر باش کۆنتڕۆڵی ماددەی هۆشبەر کراوە

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

سەرۆكی رێكخراوی رۆشنبیریی هۆشیاری دژی ماددە هۆشبەرەكان رایگەیاند: لە هەرێمی کوردستان ماددەی هۆشبەر بەشێوەیەکی باش کۆنتڕۆڵ کراوە، کە زۆرترین بازرگان دەستگیرکراوە.

د. ئیبراهیم رەمەزان، سەرۆكی رێكخراوی رۆشنبیریی هۆشیاری دژی ماددە هۆشبەرەكان، لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: "نووسراوەکەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، کاریگەری زۆر باشی دەبێت لەسەر ئەو کەسانەی کە دادەمەزرێن لە هەموو دامەزراوەکان، دەبوو زووتر ئەو بڕیارە بدرێت، بە تایبەت لە کۆلیژ و دەزگا ئەمنییەکان و پاسەوانی سنوور و زێرەڤانی، کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر هۆشیارکردنەوە و کەمکردنەوەی ماددەی هۆشبەر".

دەڵێت: "هەرێمی کوردستان سنوورێکی زۆر فراوانی هەیە، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوەڕاستی عێراق، و ناوچەکانی دیکە، هەزار و 200کم  ناوچەی شاخاویمان هەیە، لەگەڵ وڵاتی ئێران، تورکیا، سنوورەکان لە کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستان نییە، کۆمەڵێک میلیشیا و هێزی چەکدار پاسەوانی ئەو سنوورانە دەکەن".

د. ئیبراهیم رەمەزان گوتیشی: "ماددەی هۆشبەر زۆر بە ئاسانی لە رێگەی سنوورەکانەوە دێتە ناو هەرێمی کوردستان، ئەمەیش مانای ئەوە نییە کە هێزەکانی ئێمە تۆکمە نین، بەڵکو زۆر بەهێز و هاوکارن، بەڵام نەیانتوانیووە کۆنتڕۆڵی ئەو سنوورە دوروو درێژە بکەن".

سەرۆكی رێكخراوی رۆشنبیریی هۆشیاری دژی ماددە هۆشبەرەكان، باس لە مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر دەکات و دەڵێت: "مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر کە دێتە ناو خێزانەوە، شێرازەی خێزان تێکدەچێت، ئەو پێکهاتە خێزانییەی کە تۆکمەیە نامێنێت، هەر ئەندامێکی خێزان تووشی گرفتی ماددەی هۆشبەر بێت، تووشی کۆمەڵێک گیروگرفتی "ئابووری و کۆمەڵایەتی، دارایی، یاسایی" و لەناو کۆمەڵگەی کوردیش دروست دەبێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و بڵاوبوونەوەی ئەو ماددەیە، کاریگەری راستەوخۆی دەبێت، لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیری وڵات، ئەو کۆمەڵگەیەش بەرەو کۆمەڵگەیەکی پەکەوتوو دەبات، دەکرێت هەر گەنجێک لە هەر کۆمەڵگەیەک پێشکەوتوو بێت، بەڵام کاتێک ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنێت دەبێتە کەسێکی لاواز و نەخۆش بۆ کۆمەڵگە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی د. ئیبراهیم رەمەزان، لە کوردستان لە شەش مانگی رابردوودا، لە رێگەی دەزگا ئەمنییەکان کۆنتڕۆڵکردنی ماددەی هۆشبەر زۆر باشبووە، لایەنی پەیوەندیدار توانیویانە ئەو ماددانە کۆنتڕۆڵ بکەن و لەناوی بەرن، جگە لەوەی هەوڵی دەسگیرکردنی چەندین بازرگانی گەورەی ماددەی هۆشبەریانداوە.

سەرۆکی رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی جەختی کردەوە کە زیاتر خولی هۆشیارکردنەوەی ماددەی هۆشبەر بکرێتەوە، ئێستا شێوازی ئەو ماددانە زۆر پەرەی سەندووە، بۆیە پێویستە خولی دەسگیرکردنی ئەو باندانە بۆ دەزگا ئەمنییەکانیش بکرێتەوە و شێوازی ئەو مادەنەش لێک جیا بکرێنەوە و بەخێرایی کۆنتڕۆڵی بازرگانان بکرێت.

سەرۆکی ئەو رێکخراوە ئاشکرای دەکات، لە کوردستان، بەشێوەیەکی زۆر باش کۆنتڕۆڵی ئەو بابەتە کراوە، کە زۆرترین بازرگان دەسگیرکراوە ئەویش لەم چەند مانگەی رابردوودا، بەڵام میدیاکان رۆڵێکی خراپیان گێڕاوە لەو رووەدا، چونکە تەنیا باسی دەسگیرکرنی بەکارهێنەر و بازرگان و بڕی ماددەکە دەکەن، هەوڵ نادەن ئاستی رۆشنبیرکردنی خەڵکی بەرز بکەنەوە، بۆ ئەوەی رێگربن لە بڵاوبوونەوەی، هەندێک میدیا ئەو بابەتەی بارز کردووە، بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر رووی تێبکات، چەند قسە لەسەر ئەو بابەتە بکرێت بە شێوازی نادروست، ئەوەندە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر کۆمەڵگا و زیاتر بڵاو بوونەوەی ماددەکە.

بەپێی نووسراوێكی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان، كە لە 7ی11ی 2023 دەرچووە بۆ گشت وەزارەت و فەرمانگەكان نێردراوە و و كۆپییەكیشی دەست "کوردستان24" كەوتووە، تیایدا جۆرە پشكنینێكی دیكە لە چەند مامەڵەیەك زیاد دەكرێت.

ئاماژەش بەوە كراوە: "بەمەبەستی بنبڕكردنی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان و لەسەر فەرمانی سەرۆك وەزیران، رێكاری پێویست بگیرێتە بەر، بۆ ئەوەی پشكنینی مادەی هۆشبەر بۆ چەند مامەڵەیەك ئەنجام بدرێت".

لە نووسراوەكەدا جەخت كراوەتەوە، پشكنینی ماددەی هۆشبەر بۆ ئەو پێشكەشكارانە ئەنجام بدرێت:

1-  مۆڵەتی شۆفێری.

2-  داواكاریی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەك.

3-  داواكاریی وەرگیران بۆ كۆلیژەكانی پۆلیس و سەربازی.

4-  داواكاریی پێشكەشكردن بە مەبەستی خوێندنی باڵا.

5-  ئەوانەی لە سەندیكا و یەكێتییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی كار دەكەن.

6-  داواكاریی دامەزراندن، كە پێشكەش بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەكەن لە گشت دامودەزگاكانی حكومەت.

ئەنجومەنی وەزیران لە نووسراوكەدا ئەوەی روونكردووەتەوە، كە دەبێت هەموو وەزارەت و دامەزراوەكان هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیدا بكەن، بە مەبەستی ئەنجامدانی پكشنینەكە.

هەروەها رۆژی یەکشەممە، 15 تشرینی یەکەم، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆنفرانسی "بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان" لە هەولێر بەڕێوە چوو، لە وتارێكدا گوتی، نابێ هیچ كەمتەرخەمییەك لە سزادانی بازرگانیی مادەی هۆشبەر بكرێ.

ئا: لاڤین عومەر