ئەحمەد یاسری: ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەژێر فشار بوو
K24 - هەولێر:
بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری قەتەر گەیشتنە رێککەوتنێک و ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی چوار رۆژ راگەیاند، بەو مەرجەی ئیسرائیل 150 ژن و منداڵ لە زیندانەکانی ئازاد بکات لە بەرامبەر ئازادکردنی 50 ژن و منداڵی بە بارمتەگیراو لە کەرتی غەززە، هەروەها چوونە ناوەوەی زیاتری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە.
ئەمرۆ چوارشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2023، لەبارەی ئاگربەستی مرۆیی نێوان حەماس و ئیسرائیل ، ئەحمەد یاسری پسپۆری پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان لە سیدنی ئوسترالیاوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو ئاگربەستە هەلێکە بۆ کۆکردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە لەلایەن حەماس و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە کەرتی غەززە، ئەوەش دوای فشارەکانی ئەوروپا و ئەمهریکا کە کردیانە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی ئاگربەستەکە رابگەیەنێت و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر ناوچەکە رابگرێت، بەو شێوەیەش ئامانجی ئیسرائیل و حەماس لەو ئاگربەستە بەدیهات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا یاسری دووپاتیکردەوە، فشاریکی زۆر لەسەر ئیسرائیل هەبوو بۆ راگەیاندنی ئاگربەستەکە، چونکە ئەوە مەترسیدارە لەسەر پرۆسهی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، هاوکات شەرعییەتدانێکە بە ئیسرائیل جێبەجێبکات .
یاسری ئاماژەی بەوشکرد ، رەنگە ئاگربەستەکە ببێتە کەمبوونەوەی فشارەکان، بەڵام کاردانەوەیەکی ئەرێنی نابێت بەسەر بەردەوامبوونی شەڕەکە. گوتیشی: ئەو ئاگر بەستە بۆ ئەوەیە گەمارۆی سەر ناوچەکە بە گشتی هەڵبگیرێت، نەوەک بە تەنها کەرتی غەززە، بەتایبەت کە ئێستا بنکەکانی ئەمهریکا لە عێراق و ناوچەکە دووچاری هێرش دەبنەوە .
ئەو پسپۆرەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێی وابوو ئۆپەراسیۆنەکان دوای ئهم ئاگر بەستە بەردەام دەبێت، چونکە ئامانجی خۆی نەپێکاوە، ئەگەر پێشڕەویش هەبێت لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، بەڵام ئامانجە سەربازییەکەی نەپێکاوە لە ناوچەکە و نەیانتوانیووە بەسەر حەماسدا سەربکەوێ و غەززە داگیربکەن .
ئەمڕۆ چوارشەممە، بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری قەتەر لە غەززە گەیشتنە رێککەوتنێک و ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی چوار رۆژ راگەیاند، بەو مەرجەی ئیسرائیل 150 ژن و منداڵ لە زیندانەکانی ئازاد بکات لە بەرامبەر ئازادکردنی 50 ژن و منداڵی بە بارمتەگیراو لە کەرتی غەززە، هەروەها چوونە ناوەوەی زیاتری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە.
کارزان حەیدەر